مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئاماری مانگی ڕابردووی دەستگیركردنی هاووڵاتییان لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بڵاو كردەوە و زۆرینەی دەستگیركراوانیش كوردن.
بە پشتبەستن بە ئامارە تۆماركراوەكان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەكانی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ئایار ١٤١ هاووڵاتی لە ئێران لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستبەسەر كراون.
بەپێی ڕاپۆرتەكەی ڕێكخراوی هەنگاو، لانی كەم ٨٠ هاووڵاتیی كورد، ١٨ هاووڵاتیی بەلووچ، ١١ هاووڵاتیی تورك و هەروەها ١٤ ژن و ٣ منداڵ و ٥ مامۆستا و خوێندكاری زانكۆ لە مانگی ئایاری ڕابردوو لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر كراون یان ڕفێنراون.
زۆرترین دەستبەسەركراوان لە پارێزگای ورمێ ڕۆژهەڵاتی كوردستان بووە كە 58 حاڵەت تۆماركراوە.

































































