زاری كرمانجی- مێرگەسۆر:
پەروەردەی مێرگەسۆر 18 و 19ی ئەم مانگە كۆنفرانسێك لەژێر ناوی (باشتركردنی پڕۆسەی پەروەردە و فێركردن هاوتەریب لەگەڵ ئەخلاق و بەها پیرۆزەكانی بارزان) ساز دەكات. بەڕێوەبەری پەروەردەی مێرگەسۆریش، دەڵێت: لەو كۆنفرانسەدا دەستنیشانی كێشە و گرفتەكان دەكرێت.
مامۆستا مەجید خانۆ، بەڕێوەبەری پەروەردەی مێرگەسۆر، بۆ زاری كرمانجی گوتی: وەكو بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی مێرگەسۆر بڕیارمان داوە كە لە 18 و 19ی ئەم مانگە لەژێر چاودێری نووسینگەی ڕێزدار مەلامستەفا بارزانی كۆنفرانسێكی پەروەردەیی لەژێر دروشمی (باشتركردنی پڕۆسەی پەروەردە و فێركردن هاوتەریب لەگەڵ ئەخلاق و بەها پیرۆزەكانی بارزان) ساز بكەین.
بەڕێوەبەری پەروەردەی مێرگەسۆر، گوتیشی: كۆنفرانسەكە بە بەشداری شارەزایانی بواری پەروەردە دەبێت، مەبەست لە سازدانی ئەو كۆنفرانسە بۆ ئەوەیە دەستنیشانی كێشەكانی پەروەردەی مێرگەسۆر بكەین و دواتر ئەو كێشە و گرفتانە چارەسەریان بۆ بدۆزینەوە، بۆ ئەوەی كار لەسەر بكرێت و لە داهاتوودا دەبێتە پلانی كورت خایەن و درێژخایەنی پەروەردەكەمان.