به‌ختیار سه‌باح –زاری كرمانجی:
شه‌وی ڕابردوو به‌هۆی زۆری باران بارین و هه‌ڵسانی ئاوی ڕووباره‌كان، له دۆڵی خانه‌قاو سه‌رنه‌وس، زیان به پرد‌و شوێنه گه‌شتیارییه‌كان ماڵی هاووڵاتییه‌ك گه‌یشتووه. هه‌ژار حاجی، سه‌رۆكی شاره‌وانی وه‌رتێ له‌مباره‌یه‌وه به زاری كرمانجی ڕاگه‌یاند: ” شه‌وی ڕابردوو به‌هۆی باران بارینی به‌خوڕو زیادبوونی ئاوی ڕووباره‌كان، زیان به پردی نێوان گوندی چۆم به‌ڕوو و سه‌رنه‌وس و هه‌ندێ له شوێنه گه‌شتیارییه‌كانی سه‌رنه‌وس و دۆڵی خانه‌قا گه‌یشتووه”. گووتیشی “له گوندی چنێران رێگه‌ی هاتووچۆی قوتابییان گیرابوو، له سه‌نته‌ری ناحیه‌ی وه‌رتێش، له هه‌ندێ شوێن رێگه داڕمابوو، له‌به‌ر مه‌ترسی و پاراستنی گیانی هاووڵاتییان له‌سه‌ر راسپارده‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی وه‌رتێ، تا كاتژمێر 3ی شه‌و له‌گه‌ڵ تیمه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی چاككردنه‌وه‌و پاراستنی ڕێگه‌وبانی سۆران خه‌ریكی پاككردنه‌وه‌ی ڕێگه‌و خاوێنكردنه‌وه‌ی ژێر پرده‌كان بووین”.