عەبدولغەفار حاجی ئەردەوێلی
پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ ئەوەی تا ڕادەیەکی باش ڕەنگدانەوەی چارەسەری کێشەکانی خەڵکە، بەڵام لە هەمان کاتدا دەروازەیەکە بۆ تێگەیشتن لە کێشەکانی هاووڵاتییان، ئەمەش وای کردووە کە هەمیشە وەک پێشەنگ بێت لە بەدەست هێنانی دەنگی خەڵکی کوردستان. هەر حیزبێکی سیاسی لە گۆشەنیگای خۆیەوە سەیری خواستەکانی خەڵک دەکات، بۆیە کاتێک ئەم بەرنامەیە جێبەجێ دەکرێت، ئەو کات دەردەکەوێت کە تا چەند دەبێتە ڕەنگدانەوەی خواستی خەڵکەکەیە، کارایی کادیرەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە قۆناخەکانی داهاتوو بۆ ڕازی کردنی خەڵک زۆر گرنگ دەبێت. بۆیە پێویستە لە قۆناخی داهاتوو کادیرەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەو ئاستە دابن کە ئەو بەرنامەی کۆنگرەی (١٤) دەخاتە سەر شانیان، کاری لە سەر بکەن بەڵام ئەگەر کادیرەکانی پارتی لە قۆناخی ئایندە لەو ئاستەدا نەبن زەحمەتە بەرنامەی داڕێژراوە جێبەجێ بکرێت، لە هەر دوو ئاست چ ئەوانەی دەچنە ناو دامەزراوەکانی حکومەت، چ ئەوانەی جەماوەرین دەبێت لێهاتوو و ڕۆشن فیکر بن، هەروەها لە ئاستی ئەم بەرنامەیە دابن. بۆیە پێویستە پارتی دیموکراتی کوردستان لە ناو حیزب بەرنامەیەکی تایبەت بە خواستی خەڵک هەبێت بۆ قۆناخی داهاتوودا دوای پرۆسەی هەڵبژاردن بۆ دیاریکردنی ئەندامانی کۆنگرەی ١٤ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سنوورەکانی لق و ناوچەکانی سەر بە ڕێخستنی ئۆرگانەکانی حیزب، لە کۆتاییدا هەر ئەو حیزبەیە کە خواستی خەڵک و خەونەکانی ئەو خەڵکە و کادیرەکانی لی چاوەڕوان دەکات و دووبارە بە گڕوتێنی گەشاوەیی و نوێی بوونەوە بە خۆیەوە ببینێت، کە نەک حیزبەکانی سیاسی ناوخۆ بەڵکوو بگرە وڵاتانی دەوروبەری خۆمان ئەزموونی لێ وەربگرن، ئەو نوێ بوونەوەیە ببێتە هۆکارێک کە سەرنجی زیاتری ناوخۆی و وڵاتانی دەرەوە بۆ لای خۆی ڕابکێشێت و دەنگدانەوەی زیاتری هەبێت لەسەر پێشکەوتنەکانی. ئەو کات بەرنامەی پارتی دەبێت بە دەروازەیەکی تەواو بۆ خواستی خەڵک کە سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەست دەهێنێت، هەرچەندە دەبێت لە ناوخۆی حیزبیشدا پرەنسیپی لێپێچینەوە لەو بەرپرس و ئەندامانە هەبێت، کە پەیڕەو و پرۆگرامی حیزبەکەیان پێشێل دەکەن و پابەند نابن بە بڕیار و بەرنامەکان، چونکە پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵقوڵاوی جەماوەر و داکۆکیی کاری سەختی بەدی هێنانی مافەکانی گەلەکەیەتی، ئەوەش وای کردووە دوای دەیان ساڵ دامەزراندنی ئەو حیزبە لە پێشەنگ دابێت و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ پێگەی بەهێزتر بێت.