شەهلا رەشێد- سۆران
د. كاوە عومەر، پزیشكی پسپۆڕی منداڵان، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند” هەندێ خواردن هەن نابێ لەبەر ئەوەی كە زۆرن و نرخیان هەرزانن پشتگوێ بخرێن، وەك دۆشاوی خۆرما و تەحین لە تەمەنی 6 مانگ بەرەو سەرێ بیدەنە منداڵەكانتان چونكە سوودێكی ئێجگار زۆریان هەیە بەتایبەت لە وەرزی زستان، هەروەها دۆشاوی خۆرما ماددەی ئاسن، كالیسیۆم، پۆتاسیۆم و ڤیتامین B6ی تێدایە، ئێسك بەهێز دەكات و وزە بە منداڵ دەبەخشێت، تەنانەت بۆ بەهێزبوونی مێشكیش سوودی هەیە.
ئەم پزیشكە گووتیشی” ئەگەر باسی تەحینیش بكەین ئەوا چەوری و كالیسیۆمی باشی تێدایە، ئەمەش بۆ بەهیزبوونی مێشكی منداڵ سوودێكی ئێجگار زۆری هەیە، هەروەها بەهۆی ئەو پڕۆتینە زۆرەی كە تێدایە ماسوولكەكانیش بەهێز دەكات.