مستەفا دۆلەمەری – سۆران:
یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی سۆران بۆ كاروباری زانستی، بە زاری كرمانجی راگەیاند:” بۆ ساڵی نوێی خوێندنی 2023- 2024 سێ بەشی نوێ لە زانكۆی سۆران زیاد كراون، پێكهاتوون لە بەشی ئەندازیاری ڕۆبۆتیك لە كۆلێژی زانست و بەشی زانستی فیزیا لە كۆلێژی زانست، باخچەی منداڵان لە فاكەڵتی پەروەردە.
پ. د. سیروان زەند، یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری زانستی، گووتیشی:” بۆ ئەمساڵ تەنها ئەم سێ بەشە كراونەتەوە، بەڵام بۆ ساڵانی داهاتوو پلانی نوێمان هەیە و كار لەسەر كردنەوەی چەند بەشێكی دیكە دەكەین.
گووتیشی:” لە زانكۆی سۆران زیاتر لە چوار هەزار قوتابیمان هەیە و پلانمان وایە ئەمساڵ زیاتر لە هەزار قوتابی نوێ وەربگرین.
زانكۆی سۆران لە پێنج فاكەڵتی و 28 بەش پێكدێت، لەو زانكۆیە هەزاران قوتابی لە بەشە جیاجیاكان دەخوێنن .