زاری كرمانجی- سۆران:
مامۆستایەكی زانكۆی سۆران لە بارەی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی، دەڵێت: ڕێگەگرتن لە هەر هاووڵاتییەك كە بگاتە پارتێكی سیاسی پێچەوانەوەی بنەمای ئازادی ڕادەربرینە وەك لە دەستوور و یاسا و رێكەوتننامە نێودەوڵەتییەكاندا هاتووە، مانای پێشێلكردنی دیموكراسییە لە عێراق، ماددەی 20ی دەستووری بەركاری عێراق، دەڵێت: هەموو هاووڵاتییەك بە ژن و پیاوەوە مافی بەشداریكردنی لە كاروباری گشتی و شاد بوون بە مافە سیاسیەكان هەیە لەوانە مافی دەنگدان و هەڵبژاردن و خۆپاڵاوتن، بەپێی ماددەی ٣٨و ٣٩ دەستوور دەوڵەتی عێراق بە هەموو شێوەكان پاراستنی ئازادی ڕادەربرین دەگرێتە ئەستۆ لەوانە ئازادی پێكهێنانی كۆمەڵە و پارتە سیاسییەكان.
د.سانع شەریف، مامۆستا لە فاكەڵتی یاسا و زانستە سیاسییەكان و بەرێوەبرد لە زانكۆی سۆران، ئەوەش دەخاتەڕوو: بەپێی ماددەی ٢١ و ٣٦ ی یاسای پارتە سیاسییەكانی عێراق، ژمارە ٣٦ ساڵی ٢٠١٥ حیزب مافی بەشداریكردنی لە هەڵبژاردنەكان و ژیانی سیاسی هەیە و دەتوانێت بارەگای خۆی هەبێت لە هەر شارێكی عێراق، ئەمە وێرای ئەوەی كە جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ و پەیماننامەی نێودەوڵەتی مافە مەدەنی و سیاسییەكان تا ئەم رۆژگارەش گرنگ و بایەخێكی تایبەت بە مافی ئازادی ڕادەربڕینی داوە، بۆیە رێگە گرتن لە پارتێكی سیاسی وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ كردنەوەی بارەگایەكانیان لە پارێزگای كەركوك كە نوێنەرایەتی زۆرینەی گەلی كورد لە سەرانسەری عێراق دەكات پێچەوانەی دەستوور و یاساكانی عێراق و رێكەوتننامە نێودەوڵەتییەكانە.