مەهدی محەممەد – زاری کرمانجی :
ڕۆژ بە ڕۆژ دەنگی هونەرمەندانی ئێران، تێکەڵ بە شۆڕشی ژینا ئەمینی دەبێت و بە بەرهەم و لێدوانی جیاواز پاڵپشتی لە شۆڕش و ژیانێکی ئازاد دەکەن لە وڵاتەکەیان، ئەمەش دەسەڵاتدارانی ئێرانی نیگەران کردووە و بە گرتن و دادگاییکردنی هونەرمەندان، دەخوازێت پاڵپشتی و دەنگی ئەوان لە بەرامبەر شۆڕش خامۆش بکات.
روسریتو (سەرپۆشەکەت) دواین بەرهەمی گۆرانیبێژی بەناوبانگی پۆپ، مەهدی یارراهی یە، کە داوا لە ژنان دەکات سەرپۆش (حیجاب) ەکان لابدەن.
دوای بڵاوبوونەوەی بەرهەمەکە، دەسەڵاتدارانی ئێران بە بیانووی سەرپێچی کردن لە ئەخلاق و داب و نەریتی کۆمەڵگەی ئیسلامی، ڕێوشوێنی یاساییان دژ بە یارراهی گرتووەتە بەر.
ماڵپەڕی میزان ئۆنلاین سەر بە دەزگای دادوەری، بڵاوی کردووەتەوە: “دۆسیەیەکی یاسایی لەسەر مەهدی یارراهی تۆمارکراوە بە هۆی بڵاوکردنەوەی گۆرانییەکی نایاسایی کە سەرپێچی لە ئەخلاق و داب و نەریتی کۆمەڵگەی ئیسلامی کردووە.”
جگە لەو بەرهەمە، مەهدی یارراهی تەمەن 41 ساڵ، خاوەنی خەڵاتی باشترین گۆرانیبێژی پۆپی ساڵی 2018، پێشتریش ڤیدیۆ کلیپی تری بۆ پشتیوانیکردن لە شۆڕشی ژینا ئەمینی بە ناونیشانی سروودی ( ژن، ژیان، ئازادی) بڵاو کردووەتەوە.
بەپێی سەرچاوە ڕۆژنامەوانییەکانی ئێران، یارراهی تا ئێستا دەستگیرنەکراوە، چونکە شوێنی مانەوەی دیار نییە.