د. خاڵس قادر، پزیشكی هەناوی و راهێنەری توانا عەقڵییەكان دەڵێت ” هونەری بیركردنەوەی داهێنەرانە بریتیە لە كۆمەڵێك چالاكی و راهێنان كە یارمەتی مرۆڤ دەدات لە بەكارهێنانی داهێنان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و دروستكردنی بیرۆكەی نوێ.
د. خاڵس قادر، ئاماژەی بەوەشدا ” زۆربەی هەرە زۆری بیركردنەوەكانمان لە ژیانی رۆژانەدا، بیركردنەوەی كاردانەوەن و ئۆتۆماتیكین، راستەوخۆ دوای بارودۆخەكە گوفتار و رەفتاری كەسەكان روودەدەن بەمەش تۆڕی دەماری سۆزی ئۆتۆماتیك DNM لە مێشكدا چالاك دەبێت و كۆنتڕۆڵی كاردانەوەی خێرا دەكات لە بیركردنەوە، هەست و سۆز و رەفتارمان، ئەم بیركردنەوەیە بیركردنەوەی راهاتن و پڕۆگرامبوونە، كە مرۆڤەكان لە منداڵییەوە لەسەری رادێن، راهاتن Conditioning دیاردەیەكی زاندراوە لە زانستی دەرونزانیدا و لە تاقیكردنەوەی پاڤلۆڤی دەرونزان سەرچاوەی گرتووە .
ئەم پزیشكە پسپۆڕییەی هەناوی و توانا عەقڵییەكان، دەشڵێت” بیركردنەوەی دروست ئەوەیە هێزی عەقڵ بەكاربهێنین بۆ هەڵبژاردنی بژاردەی خۆمان بۆ هەر بارودۆخ و مامەڵەكردن لەگەڵ رەفتار و گوفتاری كەسەكان، بەمەش تۆڕی دەماری جێ بەجێكار ENM لە مێشكدا چالاك دەبێت، ئەو تۆڕە دەمارییەی بەرپرسە لە بڕیاردان، پلاندانان و چارەی گرفت لە مێشكدا، هەروەها هونەری بیركردنەوە گۆڕینی شێوازی بیركردنەوەیە لە كاردانەوە بۆ وەڵامدانەوەی پشت بەستوو بە بژاردەی خۆ ویست و لە ئەستۆ گرتنی بەرپرسیاریەتی لە هەموو بارودۆخێك و وازهێنان لە گلەیی و گازاندە لە بارودۆخ و كەسەكان.