زاری كرمانجی- سۆران:
فەرمانگەی میدیا و زانیاری رایگەیاند، ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیران بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران کۆدەبێتەوە.
بە گوێرەی راگەیێندراوی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا، چەند تەوەرێک تاووتوێ دەکرێن، تەوەری یەکەم تایبەت دەبێت بە خستەڕووی دوا پێشهاتەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی.
ئاماژە بەوەشدرا، لە تەوەری دووەمی کۆبوونەوەکەدا، بابەتی ڕێکخستنەوەی داراییی گشتی لە هەرێمی کوردستان باسی لێوە دەکرێت.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری راشیگەیاند، خستنەڕووی ڕاپۆرتی وەزارەتی ناوخۆ سەبارەت بە هەڵسەنگاندنی نیشتمانی لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە بۆ مەترسییەکانی شووشتنەوەی مایە و مایەدارکردنی تیرۆر لە عێراق، تەوەری سێیەمی کۆبوونەوەکە دەبێت.