شەهلا رەشید- سۆران
هەرچەندە زۆر كەس پێیان وایە زیانەكانی نێرگەلە كێشان كەمترە لە جگەرە كێشان، بەڵام بە پێچەوانەوەیە، لە ئێستاشدا گەنجێكی زۆر لە كچان و كوڕان روویان لە نێرگەلە كێشان كردووە، تایبەت ئەوانەی لە تەمەنی هەرزەكاریدان.
رێكخراوی جیهانی تەندروستی، دەڵێت” كێشانی نێرگەلەیەك، هێندەی كێشانی 100 جگەرە زیانی هەیە، واتە هەڵمژینی دووكەڵی نێرگەلە نەك هەر زیانی لە جگەرە كەمتر نییە، بەڵكو زۆر مەترسیدارتریشە”.
لە پێناو پاراستنی نەوەكانی داهاتوودا، كۆنگرەیەكی نێودەوڵەتی لە پایتەختی قەتەر بەڕێوەچوو بەشێك لە بەشداربووانی كۆنگرەكە نێرگەلەیان بە بۆمبێك ناوزەد كرد كە دەبێتە هۆی مردنی لەناكاوی گەنجان و مێردمنداان، هەروەها داوای دیاریكردنی تەمەنی یاسایی دەكەن بۆ كێشانی نێرگەلە، لەگەڵ قەدەخەكردنی لە شوێنە گشتییەكاندا.
ئەم كۆنگرەیە دوو رۆژی خایاند و بە بەشداری 100 كەسی شارەزا و پسپۆڕ بەڕێوەچوو، سەرجەم بەشداربووان كۆكبوون لەسەر ئەوەی نێرگەلە لە جگەرە مەترسیدارترە و دەبێتە هۆی تووشبوون بە شێرپەنجەی سییەكان و نەخۆشییەكانی دڵ و بۆڕییەكانی خوێن.
جگە لە دووكەڵەكەی، ئەو ماددانەی لە خەڵووزی نێرگەلەدا هەن گازی یەكەم ئۆكسیدی كاربۆن و ماددەی تووشكەری شێرپەنجەیان تێدایە.
س/سایتی زانیاری