خەسرەو حەلاق: لە ڕێگەی ئەو سندووقەوە زیاتر لە 20 ملیۆن دینار هاوكاری نەخۆشەكانمان كردووە
مەهدی محەممەد – ڕواندز:
لە سەرتاشخانەیەكی قەشەنگی نێو بازاڕ، نزیكەی دوو ساڵ دەبێت سندووقێكی بچووك دانراوە بە مەبەستی كۆكردنەوەی هاوكاری ماددی بۆ كەسانی نەخۆش و كەمدەرامەتی شارەكە.
سندووقەكە لە ئێستادا گرووپێكی پێنج كەسی لە دەوروبەری خۆی كۆ كردووەتەوە و ناویان ناوە (دەستەی هاوكاری شار) ئەركی ئەو دەستەیە كۆكردنەوەی هاوكاریی و گەیاندنیانە بۆ كەسانی نەخۆش و خانەوادە هەژارەكانی سنووری قەزای ڕواندز،
خەسرەو حەلاق یەكێكە لە ئەندامانی دەستەكە، بەو شێوەیە باس لە بیرۆكەی دانانی سندووقەكە دەكات لە نێو سەرتاشخانەكەی و دەڵێ : لەگەڵ فەرمان حەلاقی هاوبەشی كارەكەم هەمیشە بیرمان لای ئەوە بوو، لە پاڵ كار و كاسبی خۆمان، كاری خێرخوازیش لە بیر نەكەین و دەستمان كراوە بێت بۆ هەر كەسێك كە پێویست بێت و یان داوای هاوكاریمان لێ بكات، بیرۆكەی دانانی ئەو سندووقەكەش لەو كاتە دروست بوو، كە چەند برادەرێك هاتنە لامان بە مەبەستی كۆكردنەوەی هاوكاریی بۆ كەسێكی نەخۆش تا نەشتەرگەری بۆ بكرێت، ئیدی لەو كاتەوە بیرمان لە دانانی ئەو سندووقە كردەوە، سوپاس بۆ خودا و خێرخوازان و كەسانی دەست ڕۆیشتوو و ئاسایی شار كە بە زوویی بە پیر سندووقەكەوە هاتن و ڕۆژانە ئەگەر بە بڕێكی كەمیش بێت هاوكاری ماددی پێشكەش بە سندووقەكە دەكەن،
دەستەكە جگە لە سندووقی نێو سەرتاشخانەكە، لە رێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش بانگەشە بۆ كۆكردنەوەی هاوكاری بۆ نەخۆش و كەسانی كەمدارمەت دەكەن.
خەسرەو ئاشكرای دەكات لە ماوەی نزیكەی دوو ساڵی دانانی سندووقەكە زیاتر لە 20 ملیۆن دینار هاوكاری ئەو كەسانەیان كردووە كە نەشتەرگەرییان بۆ كراوە، وەیان نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە و مانگانە داودەرمانیان بۆ دەكڕدرێت، باس لەوەش دەكات كە چەندین خێزانی كەمدەرامەتی شارەكە لە ڕێگەی ئەو سندووقەوە ئازووقە و جلوبەرگ و سووتەمەنییان بۆ دابین كراوە.
هاوكات خەسرەو حەلاق هێما بۆ ئەوەش دەكات ئەگەر زیاتر لە لایەن سەرمایەداران و كەسانی خێرخواز هاوكاری باشتر و زیاتر پێشكەش بە سندووقەكە بكرێت، بیرۆكەی ژنهێنان بۆ چەند گەنجێك و دروستكردنی خانوو بۆ چەند خانەوادەیەكی هەژار لە بەرنامەی داهاتووی ئەواندا .