زەینەل خەیری
لە تەمەنی سەد ساڵەی دەسپێكردنی پرۆسەی خوێندن، لە رواندز و دەڤەری سۆران، بە پێی تێپەربوونی ساڵەكانی سەكۆ و هۆڵ و وەرشەكانی كاری دەستی لە قوتابخانەكان پڕبووینە لە قوتابیانی دەست ڕەنگین، وەك خەڵكی گەواهی بۆ ئەدەن ڕۆژانە دەنگی مۆسیقا و سەدای سروودی نیشتیمانی و نمایشی شانۆیی و بەرهەمەكانی كاری دەستی قوتابیان دەبینران و دەبیستران.
سەرجەم ئەو چاڵاكیانە قوتابخانە و پرۆسەی خوێندنیان لای قوتابیان شیرینترو بەگووڕتر كردبوو، هەروەها كاریگەری لەسەر كەس و كاری قوتابیان دروست كردبوو و دەیان قوتابیش لە ئەنجامی ئەو سیستەمە سەركەوتووە هونەرمەندی گەورە و رۆشنبیری بلیمەتی بەرهەم هێنا، كە ئێستا ژمارەیەكی زۆریان بوون بە ئەستێرە لە ئاسمانی هونەرو رۆشنبیری گەلەكەماندا.
ئەوەی لێرە مەبەستمانە بیخەینەڕوو بەراوردێكی كارە هونەرییەكانە لە ئێستاو رابردوودا، وەكو ئاماژەمان پێداوە لە رابردوودا وانەكانی هونەری گرنگی زۆریان پێدرا بوو فەرامۆش نەكرابوون، وەكو لە قوتابخانەكان پێشبركێی وەرزی و ساڵانە دەكراو .
ڤیستڤاڵ لە سەر ئاستی پەروەردەكان و پارێزگاكانی تر دەكرا، كە ئێستا بەرهەمی سروودو گۆرانی و مۆسیقا و شێوەكاری و شانۆ و كاری دەستی ئامادە دەكران، ئامادەبوون بۆ ئەو ڤیستیڤاڵانەش پێویستی بە گرووپ و پڕۆڤە و خۆ ئامادەكردن هەبوو ئەمەش هەموو ئەو كاریگەریانە دروست دەكرد كە قوتابی خۆی ماندوو بكات و بەهرەو تواناكانیش لەو چالاكیانە بەدەر دەكەوتن.
لە ئێستاشدا ئەوەی پەیوەندی بە دەڤەری سۆران هەیە دەمانەوێت شرۆڤە و بە بۆچوونی خۆمان و چەند پێشنیارێك بچینە بەردەم بەرپرسانی ئیداری.
دیارە ئێستا دەڤەری سۆران خاوەنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەیە و هەروەها چوار بەڕێوەبەڕایەتی تریش لە سنوورەكانی هەر چوار قەزای چۆمان و سۆران و رواندز و مێرگەسۆر هەن هەمووشیان بەشێكی تایبەتیان بەناوی بەشی هونەری چاڵاكی قوتابخانەكان هەیە و ئەو بەشانە لە كاتی خۆیدا زۆر چاڵاك بوون و بەردەوام لە رێگەی كردنەوەی خولەكاندا قوتابی بەهرەمەندیان دەستنیشان دەكرد و لە كاتی بۆنەكانی نیشتیمانی دا بە نمایش و سازدانی ئاهەنگی سروود و گۆرانی دەدەكەوتن بەڵام لە دوای ساڵەكانی 2010 و ئەو چاڵاكیانە بەرەو لاواز بوون دەچن ئێستا ئەو گڕوتینەی جارانی نەماوە كارە هونەری و رۆشنبیریەكان پاشا گەردانیان پێوە دیارە، بۆیە پێشنیار دەكەین چ وەكو ئیدارەی سەربەخۆی سۆران یان بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردە بەو خاڵانەدا بچنەوە ، كە پێویستە زەمینەی لە بار و ڕێگە چارە بۆ دەستپێكردنەوەی چالاكیەكان بگرنە بەر و جارێكی تر دەنگی سروود و گۆرانی مۆسیقا و رەنگ و تابلۆكان لەسەر دیوار و هۆڵ و وەرشەی قوتابخانەكان ببینین چوونكە داهاتوو لە دەست و هزری ئەو قوتابیانە دایە، لە ژێر دەستی ئەو مامۆستایانە پەروەردە دەكرێن بەو هیوایەین كەرستەو ئامێری هونەریەكان بۆ قوتابخانەكان دابین بكرێن تاكو ئەو ئەركە پیرۆزە جێبەجێ بكەن و لە هەمووشیان گرینگتر دابینكردنی مامۆستای پسپۆڕە لەو بوارانەدا بە تایبەتی دەرچوانی پەیمانگە و كۆلێژە هونەریەكان و دامەزراندنیان وەكو گرێبەست یان وانەبێژ.