سیروان مینەخان
هۆشیاری واتای بینینە، بەڵام بینین بەمانای تەماشاکردن نا، بەڵکو بەواتای ڕووچوون و تێگەیشتن و قەبوڵکردن.
بینینی ئەو شتانەی کە ئەوانی تر نایبینن، ئەو شتانەی بەلای ئەوانی ترەوە ئاسایین و تۆ دەتوانی کەلێنە نائاساییەکانی ببینی.
بینین، بینایی گەرەکە بینایش ئاگایی!
وەختێک مرۆڤ ئاگایی هەبێت یانی بەناو ڕووداوەکاندا بەحزورەوە تێدەپەڕێت.
بەئاگاییەوە تێپەڕین بەناو ڕووداوەکاندا چاوی مرۆڤ تیژ دەکات و کەم و کورتی و باشی و خراپییەکانی ڕەوڕەوەی ڕۆژگار باشتر دەبینێت.
لەم ڕوانگەیەوە خەریکە دێق دەکەم و دەبمە خەڵوز. چونکە بەپێی ئەزموون و مێژووی دوور و درێژی ژیانی مرۆڤی پێشکەوتنی هەر کۆمەڵگەیەک پەیوەستە بەڕادەی هۆشیاری تاک و ئامادەگی سیستمێکی پەروەردەی توند و تۆڵی مۆدێرن بۆ تەواو کردنی پڕۆسەی پێگەیاندنی کۆمەڵایەتییانەی تاک.
بەڵام ئێمە چی دەبینین؟ نە سیستمێکی پەروەردەی مۆدێرن و پڕۆفێشناڵانە، نە پێگەیانی کۆمەڵایەتی.
بەپێچەوانەوە وەک دەڵێن ( کاربۆ کەوتنی هۆشیارەکان دەکەین و ڕێز لە ناهۆشیاری و بەربەرییەت دەگرین).
ئەمە نیشانەی دواکەوتوویی و هەژاری کۆمەڵگاکەمانە، هۆشیاری هیچ ئەرزشێکی نییە و جەهل و نەفامیش لە لوتكەدان.
تاسەر ئێسقان نائومێد دەبم، بەڵام دواجار ئاهێک دێتەوە بەرم و دەڵێم نا! ڕەنگە ڕۆژگارێک ئەم هاوکێشەیە بگۆڕدرێت.
بە مەرجێک ئیرادەیەک هەبێت بۆ ئەوەی «ڕێزی هۆشیاری بگرین و لەپشت کەسانی هۆشیار و ئاگابین».
ئەمەش بەهاوڕێک کردنی سیستمی پەروەردە و دەزگاکانی پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی.