زاری كرمانجی – ئابووری:
راوێژكارێكی سەرۆكوەزیرانی عێراق، لە تویتێكدا رایگەیاند:” كۆبوونەوەی دوێنێی هەینی، لە نێوان پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا سەركەوتوو بوو. بانكی ناوەندیش ژمارەیەك رێكاری نوێی راگەیاند كە كاریگەریی گەورەیان دەبێت لەسەر دابەزینی بەهای دۆلار، ئەوە وێڕای رێكارە تووندە ئەمنییەكان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەوانەی دۆلار بە قاچاخ دەبەن و یاری بە نرخەكەی دەكەن”.
فادی شەمەری، راوێژكاری سەرۆكوەزیرانی عێراق دەڵێت:” بۆ گەندەڵكاران و ئەوانەی یاری بە نرخ دەكەن، لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا بەهای دینار دەگەڕێتەوە نرخی سرووشتی خۆی”.
دوای كۆبوونەوەكە بانكی ناوەندیی عێراق لە راگەیێندراوێكدا ئاشكرایكرد، لە كۆبوونەوەكەدا تاوتوێی هاریكاری و هاوئاهەنگیی نێوان هەردوولا كرا لەپێناو بەدەستهێنانی سەقامگیری لە ئاڵوگۆڕی دراو لە عێراق و میكانیزمە پەیوەندیدارەكانی، دوای ئەو راگەیێندراوە، بەهای دیناری عێراقی بە خێرایی بەرامبەر دۆلار بەرزبووەوە و لە ماوەیەكی كەمدا 100 دۆلار گەیشتە 163 هەزار دیناری عێراقی لە كاتێكدا كە رۆژی پێنجشەممە 100 دۆلاری ئەمریكی 175 هەزار دیناری تێپەڕاند.