لە هەر سێ دەسەڵاتی «دادوەری و یاسادانان و جێبەجێكردن»، حەوت هەزار و 196 پلەی زیادەیان بۆ بەستراوە
زاری كرمانجی :
لە درێژەی چاكسازییەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و لەسەر داوای سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران، لیژنەیەك بۆ دەستنیشانكردنی گرفتەكانی جێبەجێكردنی ڕێنمایی دارایی ژمارە ١٢ـی تایبەت بە پێداچوونەوەی ڕاگرتنی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران و هەژماركردنی خزمەتیان لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی پێك هێنرا.
بەپێى هەواڵی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان :”لیژنەكە لە یەكەم هەنگاوی، تیمەكانی دیوانی چاودێریی دارایی و دەستەی دەستپاكی و لیژنەیەكی تایبەت لە وەزارەتی دارایی و ئابووری بۆ پرسی میلاكات ڕاسپارد بە مەبەستی پێداچوونەوە و وردبینی بە دۆسیەی فەرمانبەران.”
لە درێژەی هەواڵەكە ئەوەش هاتووە :”لە كۆی ٣٢ دامەزراوەی هەر سێ دەسەڵاتی «دادوەری و یاسادانان و جێبەجێكردن»، پێداچوونەوە بە ٣٦٥ هەزار و ٤٥٢ دۆسیە كرا كە ٧ هەزار و ١٩٦ دۆسیە پلەی زیادەیان بۆ بەسترا بوو و ١٥ هەزار و ٦١٤ دۆسیەشیان زیادە مووچەیان هەبوو، كە كۆی جیاوازی مووچەكەیان دەكاتە ملیارێك و ٣٦٠ ملیۆن و ٨٠٨ هەزار دینار.”
هەروەها دۆسیەی كەسیی ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگە یەكخستنەوەی بۆ كراوە:”هەر لەم چوارچێوەیەدا و بۆ یەكخستنەوەی دۆسیەی كەسیی ئەفسەر، پلەدار و پێشمەرگە، تا ئێستا لەكۆی ٦٠ هەزار و ١٦ دۆسیە، ٤١ هەزار و ٩٨٢ دۆسیە، بۆ پێداچوونەوە ئامادە كراون و بڕیار وایە بە زوویی دۆسیە نایاساییەكانیان لە ڕووی پلەبەرزكردنەوە و زیادە مووچە، دەستنیشان بكرێن.”
كابینەی نۆیەم، لە یەك كاتدا كاری لەسەر پرۆژە خزمەتگوزارییەكان و پرسی چاكسازی كردووە، تا ئێستا دەیان هەنگاوی كردەیی و جددی لەم بوارە ناوە، ئەمەش هۆكار بووە بۆ ڕێكخستنەوەی دۆسیەی فەرمانبەران و گەڕاندنەوەی سامانێكی زۆری دارایی بۆ نێو خەزێنەی حكومەت.