بەرپرسی لقی ڕواندز : لەسەر ئەرك و گیرفانی خۆمان كار و چالاكییەكانمان ئەنجام دەدەین
مەهدی محەممەد – ڕواندز :
ڕێكخراوی بەخشینی خوێن و ژیان ساڵی 2015 لە ئیدارەی سۆران دامەزراوە و لە ئێستادا زیاتر لە 20 لقی هەیە لە شارەكانی هەرێمی كوردستان، لقی ڕواندزی ڕێكخراوەكە ماوەی چوار ساڵە دامەزراوە و بە پێدان و دابینكردن سەدان بوتڵە خوێن هاوكاری هاووڵاتییانی كردووە لە هەر شوێنێك ئەگەر پێویستیان بە خوێن بووبێت.
یوسف نەورۆز بەرپرسی لق لەسەر كار و چالاكییەكانی ماوەی چوار ساڵی تەمەنی لقەكەیان بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند:” كارەكانمان بریتییە لە دابینكردنی خوێن بۆ نەخۆشانی تالاسیمیا و ئەو نەخۆشانەی كە بە هۆی نەشتەرگەرییەوە پێویستیان بە خوێنە و بۆ ئەم كارانەش هاوكاری لقی سۆران دەكەین، لە پاڵ خوێن بەخشین ئەركێكی تریشمان لەسەر شانە كە ئەویش دابینكردنی كۆمەك و هاوكارییە بۆ ئەو خێزانانەی باری داراییان باش نییە،”
لقی ڕواندزی ڕێكخراوی بەخشینی خوێن و ژیان، هەزار ئەندامی هەیە و ساڵانە هەر وەكوو یوسف نەورۆز باسی دەكات زیاتر لە 500 بوتڵە خوێن دەبەخشن:” لقەكەمان جگە لە ڕواندز لە چەندین شاری تریش ئەندامی هەیە، لە ئێستادا هەزار ئەندامان هەیە، كە 300 لەو ئەندامانە هەڵگری ناسنامەی لقەكەمانن، هەروەها ساڵانە 500 بۆ 700 بوتڵە خوێن دەبەخشین،”
یوسف باس لەوەش دەكات لەسەر ئەرك و گیرفانی خۆیان كار و چالاكییەكانیان ڕادەپەڕێنن و هیچ كەس و لایەنێك هاوكار و پاڵپشتیان نییە و دەڵێ: “جگە لە داهاتی ناسنامەی ئەندامان، هیچ داهاتێكی ترمان نییە، ئەو داهاتەش 50 % كار و چالاكییەكانمان پێك ناهێنێت، بۆیە ناچارین لەسەر ئەرك و گیرفانی خۆمان كار بكەین و چالاكییەكانمان ئەنجام بدەین، لەگەڵ ئەوەشدا تەواوی ئەندامان بەو پەڕی دڵخۆشییەوە كار دەكەین، چونكە ئەو كارەی ئێمە دەیكەین جگە لە ئەركێكی ئەخلاقی و ئایینی هیچی تر نییە.”
بەرپرسی لقی ڕواندزی ڕێكخراوی ناوبراو لە ڕێگەی زاری كرمانجی یەوە ژمارەی مۆبایلەكانی خۆیان بڵاو دەكەنەوە و دەڵێن:”لە كوێیەك هاونیشتمانییان پێویستیان بە خوێن بێت، لە ڕێگەی ئەو دوو ژمارەی خوارەوە پەیوەندیمان پێوە بكەن و ئێمە لە خزمەتیان دەبین
٠٧٥٠٧٩٢٥٠٠٧
٠٧٥٠١١٨٢١٢٦
































































