لیا سەیفەدین
توندوتیژی دژی ئافرەتان پەیوەست نیە بە کات و شوێنەوە، لە ھەموو کۆمەڵگەکاندا ئەم دیاردەیە هەیە جا چی کۆمەڵگەی پێشکەوتوبن چی کۆمەڵگەی دواکەوتو، بەڵام بێگومان لە جۆر و ئاست و ئامرازەکانی توندوتیژیدا لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی دیکە جیاوازی هەیە، بۆ نموونە لە وڵاتێکی وەک ئێران یان ئەفغانستان توندوتیژی لەسەر جۆری جل و بەرگ و لەچکەی سەربێت بگرە ئەمانە سزاو توندوتیژی و هەندێ جاریش کوشتن یان زیندانی کردنی لەدوادێت، بەڵام ئەم جۆر لەتوندوتیژی لەوڵاتێکی ئەمریکای لاتین یان هیندستان یان ناوەڕاستی ئەفریقا نەبێت بەڵکو لەوێ جۆری تری توندوتیژی هەبێت، وێرای ئەم جیاوازیەش زۆرێک لە توندوتیژیەکانی دیکە رەنگە وەک یەک بن یان نزیک لەیەک وەکو توندوتیژی خێزانی و توندوتیژی و دەستدرێژی سیکسی و تادوایی، ئافرەتان لە کۆمەڵگەدا لەلایەن باوک، برا، ھاوسەر، کەس و کاری نزیک وەک خاڵ و مام و تەنانەت ئاموزا و خاڵوزاش رووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، بەپێی دەرەنجامی لێکۆلینەوەکان جگە لەوەی کە کاریگەری نێگەتیڤ و خراپی دەبێت لەسەر ئافرەتان وەک تاک، کاریگەرییەکی زۆر خراپ و مەترسیداریشی دەبێت لەسەر خێزان و کۆمەڵگە، دەبێتە ھۆی ئەوەی کە شیرازەی خێزان و کۆمەڵگەش لێک بترازێت
لەگەڵ فراووان بوونی کۆمەڵگە و زیادبوونی ئامرازەکانی تاوان و هاتنە ناوەوەی کلتووری جیا جیا و تێکەڵبوونی بە کلتووری کورد کێشە کۆمەڵایەتییەکان زیادیان کردووە بەجۆرێک کە خەریکە لە کۆنترۆڵ دەردەچن، کوشتنی ئافرەتان بە بیانووی جۆراوجۆر زیاد بووە، جیاوازی لە نێوان تاوانباراندا دەکرێت، زۆرجار بکوژانی ئافرەت براونەتە زیندان و جارێکیتر بە لێبوردنێکی تایبەت ئازاد کراون، حوکمی یاسا جێگەی خۆی نەگرتووە، لەبەرئەوەی کە سزا وەکو خۆی جێبەجێ ناکرێت و تا ببێتە عیبرەت و پەند بۆ کەسانی تر تا تاوان بەرامبەر بە ئافرەتان دووبارە نەکرێتەوە.
بەکورتیەکەی رۆژ دوای رۆژ توندوتیژیەکان بەرانبەر ئافرەتان لە زیاد بووندایە و جۆری توندوتیژیش لە هەڵکشاندان و هۆکارو پاساوی ئەم توندوتیژیانەش لە زیادبوندایە، بەشێک لەم توندوتیژیانەش بەداخەوە پەل دەهاون بۆ کوشتن، هۆکاری ئەمانەش بەشێکی دەگەرێتەوە بۆ هۆشیاربوونەوەی ئافرەتان بەمافەکانیان و چیتر قبوڵ نەکردنی بن دەستی و سوکایەتی پێکردن و ماف پێشێلکردن و وەک مرۆڤ سەیر نەکردنیان لەلایەن پیاوانەوە، بەشەکەی تریشی دەگەڕێتەوە بۆ داخراوی کۆمەڵگە و زاڵی کلتووری خێڵ و مێشک داخراوی بەشێک لە پیاوان، بەشەکەی دیکەشی پەیوەستە بە کێشە ئابووری و کۆمەلایەتیەکانی دیکەوە کە پیاو و ئافرەت هەردوکیان تێیدا بەر ئەو توندوتیژی و کوشتنە دەکەون، چارەسەر بۆ کەمکردنەوەو بنەبڕ کردنی ئەم دیاردانەش چەسپاندنی یاسایە وەک خۆی و رێگریکردنە لە دەربازبوونی تاوانکاران بە کەفالەت و سوڵحی عەشایەری و پاساوی جۆراو جۆر لەلایەک، لەلایەکەی تریش هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەیە بەماف و ئازادیەکانی هەردو رەگەز و مافەکانی منداڵ و ئەندامانی خێزان لە دایەنگاوە بۆ زانکۆ و ریفۆرمکردنێکی بنەڕەتییە.