وەرزش ـ زاری کرمانجی:
هەڵۆ، بەئامانجی تیماری برینەکانی روویکردە دەڤەری پشدەر و بووە میوانی یانەی قەڵادزێ، بەڵام بێ ئاکام گەڕانەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، گەڕی یازدەی خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان بەڕێوەچوو، لەسەر یاریگەی خۆی قەڵادزێ، پێشوازی لەهەڵۆ کرد و یارییەکەش بە نیوەچڕی جێهێڵدرا.
نیوەی یەکەم، یانەی خانەخوێ پتر مەترسیان لەسەر میوان هەبوو و توانیان دوو گۆڵ تۆماربکەن، بەڵام بەهۆی ناڕەزایی دژی بڕیارەکانی ناوبژیوانی یاریی یانەی هەڵۆ؛ ئامادەنەبوون یارییەکە تەواو بکەن و یاریگەیان جێهێشت.
تا ئەم ساتە هیچ روونکردنەوەیەکی فەرمی لەلایەن یانەکەوە بڵاونەکراوەتەوە و هیچ بڕیارێکیش لەبارەی یارییەکەوە نەدراوە.
تەنها دەنگۆی ئەوە لەسۆشیال میدیا بەناوی یانەکە بڵاوبوەتەوە، گوایە گوتوویانە؛ کە دێینە سنووری سلێمانی بۆ یارییکردن جنێو بە سەرکردە سیاسیەکانی سنوورەکەمان دەدەن، ئێمەش چیتر قبوڵی ناکەین و یاریگە بەجێ دەهێڵین.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان، ئەنجامی یارییەکانی ئەمڕۆی خولەکەی بڵاوکردونەتەوە و لەسەر یاریی قەڵادزێ و هەڵۆ نووسیویەتی تەواو نەکراوە، بەواتای ئەوەی لەکۆبونەوەی داهاتووی خۆیاندا بڕیار لەمەڕ ئەو یارییە دەدەن.
لەدواین سێ یاریی بەبێ ئەم یارییە هەڵۆ تەنها یەک خاڵی کۆکردۆتەوە و ئەنجامەکانی یانەکە وەک پێویست نین و ئاستی تیمەکە لەپاشەکشێ دایە. لەکۆی 11 گەڕ خاوەنی 11 خاڵن.