وەرزشی

بارسێلۆنا کارتە زێڕینەکەی لە دۆسێیەی ئەلڤارێزدا بەکاردەهێنێت

بارسێلۆنا کارتە زێڕینەکەی لە دۆسێیەی ئەلڤارێزدا بەکاردەهێنێت

کێشەی گواستنەوەی جولیان ئەلڤارێزی هێرشبەری ئەرجەنتینی قۆناخێکی نوێی لە گرژی بەخۆوە بینی، دوای ئەوەی یانەی بارسێلۆنا دەستەوارەیەکی فەرمی بۆ کڕینی ئەو یاریزانە لە بازاڕی گواستنەوەی هاوینەدا پێشکەش کرد. ئەم هەنگاوە جیددیەتی یانە کەتەلۆنییەکە بۆ گواستنەوەی یەکێک لە دیارترین ئەستێرەکانی جیهان دەسەلمێنێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئاتلێتیکۆ مەدرید سوورە لەسەر مانەوەی یاریزانەکە و دەرگای گفتوگۆی بۆ رۆیشتنی دانەخستووە. بەگوێرەی ئەوەی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی لە زاری سەرچاوەکانی ناو ئاتلێتیکۆ مەدریدەوە ئاشکرای کردووە، بارسێلۆنا لە رێگەی ئیمەیڵەوە دەستەوارەیەکی بەرایی بەبڕی 100 ملیۆن یۆرۆ بۆ ماتیۆ ئەلیمانی، بەڕێوەبەری وەرزشیی یانە مەدریدییەکە ناردووە، بەمەبەستی بەدەستهێنانی تواناكانی ئەلڤارێز. راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم هەنگاوە وەک بەشێک لە رێکارە فەرمییە باوەکانی بازاڕی گواستنەوە هاتووە، سەرەڕای ئەوەی پێشتر ئاتلێتیکۆ مەدرید هەبوونی هەر دەستەوارەیەکی فەرمی رەتکردبووەوە و هەندێک لە راپۆرتە بڵاوکراوەکانی بە نادروست وەسف کردبوو. سەرچاوەکان دووپاتیان کردەوە کە کارگێڕیی بارسێلۆنا نایەوێت بچێتە ناو هیچ ململانێیەکی میدیایی لەگەڵ ئاتلێتیکۆ مەدرید، و وەک گرێبەستێکی ئاسایی مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆسێیەدا دەکەن کە ملکەچی گفتوگۆی نێوان یانەکانە، بڕیاری کۆتاییش بۆ یانە مەدریدییەکە جێدەهێڵن کە ئایا دەستەوارەکە قبوڵ دەکەن یان رەتیدەکەنەوە بەپێی بەرژەوەندییە وەرزشییەکانیان. گەشبینییە کەتەلۆنییەکان لەم گرێبەستەدا پشت بە هەڵوێستی خودی یاریزانەکە دەبەستێت؛ زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەلڤارێز لەڕێگەی فێرناندۆ هیدالگۆی بەڕێوەبەری کارەکانییەوە، کارگێڕیی ئاتلێتیکۆ مەدریدی ئاگادارکردووەتەوە کە دەیەوێت لەم هاوینەدا بڕوات و پەیوەندی بە پڕۆژە وەرزشییەکەی بارسێلۆناوە بکات. هەروەها بەڕێوەبەری کارەکانی یاریزانەکە لە چەند رۆژی رابردوودا کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ نوێنەرانی یانە کەتەلۆنییەکە ئەنجامداوە بۆ تاوتوێکردنی وردەکارییەکانی بایەخپێدانی هەردوولا. گومانەکان لەسەر داهاتووی ئەم هێرشبەرە ئەرجەنتینییە زیاد دەکەن، دوای ئەوەی لە چەندین بۆنەی پێشوودا خۆی لە دووپاتکردنەوەی مانەوەی لەگەڵ ئاتلێتیکۆ مەدرید بۆ ماوەیەکی درێژ پاراستووە، هەرچەندە گرێبەستەکەی تاوەکو ساڵی 2030 بەردەوامە. هەروەها کاتێک لە چاوپێکەوتنە میدیاییە جیاوازەکاندا لەبارەی داهاتوویەوە پرسیاری لێکراوە، دەرگای بەڕووی ئەگەری گواستنەوە بۆ بارسێلۆنا دانەخستووە. لە بەرامبەردا، ئاتلێتیکۆ مەدرید دەست دەگرێت بە هەڵوێستە یاسایی و گرێبەستییەکەی خۆیەوە، وەک پشتبەستن بەو گرێبەستە درێژخایەنەی کە یاریزانەکە بە یانەکەوە دەبەستێتەوە، جگە لە هەبوونی مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی کە 500 ملیۆن یۆرۆیە، ئەمەش وادەکات کارگێڕیی رۆخی بلانکۆس لە پێگەیەکی بەهێزدا بێت بۆ یەکلاکردنەوەی داهاتووی یاریزانەکە.

سێڤییا هێرشدەکاتە سەر رامۆس و هەڕەشەی بەندکردنی دەکات

سێڤییا هێرشدەکاتە سەر رامۆس و هەڕەشەی بەندکردنی دەکات

خاوەن پشکەکانی یانەی سێڤییای ئیسپانی، هەڕەشەی سکاڵا تۆمارکردنیان لە دژی سێرجیۆ رامۆسی کاپتنی پێشووی هەڵبژاردەی ئیسپانیا کردووە، بەتۆمەتی بێبەڵێنی و پابەندنەبوون بەو رێکەوتنەی لە نێوانیاندا هەبووە. خاوەن پشکەکان، داوایان لە رامۆس کردووە، بەهای مەرجی سزایی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی نێوانیان بدات، لەگەڵ ئاراستەکردنی هۆشدارییەکی تووند بۆ ئەو یاریزانە، بەهۆی ئەو هەڵسوکەوتانەی بە 'ساختەچێتی و فێڵبازی' ناوی بردوون. خاوەن پشکەکان هەروەها داوای قەرەبوویان کردووە بەهۆی ئەو زیانانەی بەر یانەکە کەوتووە. پێشتر رامۆس، هاوپەیمانییەکی دروستکردبوو، کە گەیشتبوونە رێکەوتنی سەرەتایی بۆ کڕینەوەی یانەکە بەرامبەر 444 ملیۆن یۆرۆ، بەڵام لە دوای دەرکەوتنی ناکۆکی لە نێوان هەردوولایەنی کڕیار و فرۆشیار، دەستەوارەکە هەڵوەشایەوە و فرۆشتنەکە سەری نەگرت. ئەو کۆمەڵەیەی خاوەنی پشکەکانی سێڤییان، لە بڵاوکراوەیەکدا لەگەڵ ژمارەیەکی خێزانی دیکەی خاوەن پشکی هەمان یانەدا رامۆس تۆمەتبار دەکەن بە 'بێنەوبەرە و تەڵەکەبازی'، بەدرێژایی چەندین مانگ، بەئامانجی سەرلێشێواندنی یانەکە و هەڵخەڵەتاندنی. لە بەشێکی بڵاوکراوەکەدا هاتووە، "ئەو جۆرە فێڵەی کە بەڕێز رامۆس و دارودەستە نزیکەکەی ئێمەیان خستە ناویەوە تاوەکو دوایین سات. تەنیا پەرچەکردارێکی لەناکاو نەبوو، بەڵکو کارێکی پلان بۆ داڕێژراوی چەند مانگە بوو. ئەو چەند مانگەی کە دەستخەڕۆکردنی بەئەنقەست و زیانگەیاندن بە بەرژەوەندییەکانی یانەی سێڤییای لە رێگەی مانۆڕی ژێراوژێرەوە بەتێکدانی ئاشکرای راستییەکان، کاریان لەسەر کرا". بڵاوکراوەکە هەروەها دەڵێ، لە چەند رۆژی بەر لە کۆتایی هاتنی وادەی دەستنیشانکراو بۆ تەواوکردنی رێوشوێنی کڕینەوەی یانەکە، رامۆس و نزیکەکانی، پاشەکشەی چەند بەشدارێکیان لە هاوپەیمانێتیی دەستپێشخەر بۆ کڕینەوەی یانەکە راگەیاند. بڵاوکراوەکە دووپاتیدەکاتەوە کە "ئەو گۆڕانکارییە ریشەییە لە دۆسێی وەبەرهێنەکاندا، زۆر جیاوازە لەوەی لەسەرەتاوە ئەو وەبەرهێنانە پێشانیاندەدا. ئەوەش گومانی زۆری دروستکرد لەبارەی مەترسیی لایەنی کڕیارەوە لە ویستیدا بۆ کڕینەوەی یانەکە". رامۆس خۆی دەرچووی ئەکادیمیای سێڤییا بووە، ساڵی 2004 بۆ یەکەمجار بەشداری لە پێکهاتەی یەکەمی یانەکەدا کردووە، دواتریش پاش گەشتێکی دوورودرێژ لەگەڵ ریال مەدرید کە 16 ساڵی خایاند و پاش دوو وەرز لە پاریس سانجێرمان، گەڕایەوە یانەکە.

فلۆرێنتینۆ پێرێز لەبارەی ئێمباپێ و ڤینیسیۆسەوە: قسەی بێمانا دەکەن

فلۆرێنتینۆ پێرێز لەبارەی ئێمباپێ و ڤینیسیۆسەوە: قسەی بێمانا دەکەن

فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، جارێکی دیکە بەرگری لە هەردوو ئەستێرەی یانەکەی، کیلیان ئێمباپێ و ڤینیسیۆس جۆنیۆر کرد و گوتی، خەڵک قسەی بێمانا دەکەن. پێرێز خۆی بەربژێرکردووەتەوە بۆ بوونەوە بەسەرۆکی یانەکە، لەو هەڵبژاردنەی بڕیارە رۆژی 7ی مانگی شەشی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت. پێرێز لە نوێترین چاوپێکەوتندا باسی لە نوێکردنەوەی گرێبەستی ڤینی کردووە و دەڵێ، ئەو سوورە لەسەر مانەوە لە یانەکە و رەتیدەکەمەوە بابەتی پارە، رێگری بەردەم نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی بێت. سەرۆکی ریال مەدرید باسی لە بایەخ و توانای گەورەی ئەو یاریزانە بۆ یانەکە کردووەتەوە، باسی لە رۆڵی ئەو لە سەرکەوتن و نازناوەکانی یانەکە، لەماوەی ساڵانی رابردوودا کردووە. لەبارەی ئێمباپێوە، سەرۆکی ریال مەدرید دەڵێ، ئەو یاریزانە فەرەنسییە رووبەڕووی ئاڵنگارییەکی نوێ بووەوە لە خۆگونجاندن لەگەڵ شوێنی یارییکردنی نوێی لە یانەکەمان، کە جیاوازبوو لەوەی لە سانجێرمان هەیبوو. ئەو ئاماژەی بەوەداوە کە یانەکەی هیچ دوودڵ نابێت لەوەی هەموو گۆڕانکارییەکی پێویست لە پێکهاتەکەیدا بکات، لەپێناو ئاسانکردنی ئەرکی کیلیان. لەبارەی ئەو راپۆرتانەوە کە باس لەنەبوونی هاوئاهەنگی لە نێوان ئێمباپێ و ڤینیسیۆس دەکەن لە یاریگادا. سەرۆکی ریال مەدرید دەڵێ، "ئەو قسانە راست نین و بێمانان. ئەوان دوو باشترین یاریزانی ئێستای جیهانن. ڤینی رۆڵی هەبوو لە بەدەستهێنانی دوو نازناوی چامپیۆنزلیگ لەلایەن یانەکەمانەوە، ناکرێ زێدەڕۆیی بکەین لە پەرچەکردارماندا. بیرۆکەی بردنەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگ، هەموو ساڵێک نادروستە، دەبێ لەبیرمان بێت، کەس نەیتوانیوە لە دە ساڵدا شەش نازناوی ئەو پاڵەوانێتییە بباتەوە. پێرێز هەروەها باسی راهێنەری داهاتووی یانەکەی کردووە، ناوی هیچ راهێنەرێکی بەدیاریکراوی نەهێناوە، بەڵام دەڵێ مۆرینیۆ راهێنەرێکە باش دەیناسم، ئەو لەماوەی کارکردنی لەگەڵمان، رۆحیەتی رکابەریی بۆ تیپەکە گەڕاندەوە. بەڵام وەک ئەو دەڵێ، ئەوە مانای ئەوە نییە کە بڕیارەکە یەکلایی کراوەتەوە، دووپاتیدەکاتەوە کە پێشینە بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنەوەیەتی بەسەرۆکی یانەکە و دوای ئەوە، یانەکە بەوردی ئیش لەسەر دەستنیشانکردنی راهێنەری نوێی تیپەکە دەکات.

ریال مەدرید داواکارییەکی چابی ئەلۆنسۆ رەتدەکاتەوە

ریال مەدرید داواکارییەکی چابی ئەلۆنسۆ رەتدەکاتەوە

یانەی ریال مەدرید دەرگای بەڕووی چابی ئەلۆنسۆی راهێنەری پێشووی داخست، کە بۆ وەرزی نوێ سەرکردایەتی یانەی چێڵسیی ئینگلیزی دەکات، ئەمەش دوای ئەوەی داوای گواستنەوەی یەکێک لە یاریزانانی یانە شاهانەکەی کرد لە بازاڕی گواستنەوەی هاوینەدا. ئەلۆنسۆ دەیەوێت گرێبەست لەگەڵ ئاردا گولەری ئەستێرەی ریال مەدرید واژۆ بکات؛ ئەو پێیوایە گولەر دەتوانێت ئاستی هێڵی ناوەڕاستی هێرشبەری چێڵسی بەرز بکاتەوە و رەهەندێکی نوێی هێرشبەری بۆ یانە لەندەنییەکە زیاد بکات. هەرچەندە ماوەی کارکردنی ئەلۆنسۆ لە ریال مەدرید زۆر نەبوو، بەڵام رۆڵێکی سەرەکی هەبوو لە پەرەپێدانی ئاستی گولەر و دەرخستنی تواناکانی. راهێنەرە ئیسپانییەکە لە سەرەتاوە قەبارەی بەهرەی ئەم یاریزانە تورکەی ناسیبوو و رۆڵێکی سەرەکی پێ بەخشی لە سیستمەکەیدا، هاوشێوەی ئەوەی پێشتر لەگەڵ فلۆریان ڤێرتز  ئەنجامی دابوو لە کاتی ئەزموونە سەرکەوتووەکەی لەگەڵ بایەرلیڤەرکوزن. بەگوێرەی ئەوەی رۆژنامەی مارکای ئیسپانی بڵاویکردووەتەوە، گولەر یەکێکە لە ئامانجە درێژخایەنەکانی چابی ئەلۆنسۆ لە چێڵسی، چونکە هەردوولا لە دوای رۆیشتنی راهێنەرەکە لە ریال مەدرید، پەیوەندییەکی بەردەوامیان لە نێواندا هەبووە. لە وەرزی رابردوودا، گولەر 6 گۆڵی تۆمارکردووە و 14 ئەسیستی هەبووە، هەروەها لە چەندین شوێنی جیاوازی هێرشبەریدا وەک دروستکەری یاری، ناوەندی هێرشبەر یان باڵ یاری کردووە، بەڵام  ئیکرێم کۆنۆری رۆژنامەنووسی تورک لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆرمی X دووپاتی کردەوە کە کارگێڕیی ریال مەدرید ئامادە نییە دەستبەرداری گولەر بێت و ئەو یاریزانە لاوە بە داهاتووی تیپەکە دەبینن. ئەلۆنسۆ پێیوایە پەیوەندیکردنی گولەر بە چێڵسی، بڕێکی زۆر لە داهێنان بە هێرشەکانی تیپەکە دەبەخشێت، بەهۆی توانای یاریکردنی لە پشت هێرشبەرەکان یان دەستپێکردن لە باڵی راست و چوونە ناو قوڵایی یاریگا. هەروەها یاریزانە تورکەکە بەتوانای بڕینی بەرگرییە چڕەکان لەڕێگەی تێپەڕاندنی وردی تۆپەوە جیادەکرێتەوە، لەگەڵ هەبوونی توانای گۆڵ تۆمارکردنی کاریگەر، ئەمەش دەبێتە زۆرکردنی بژاردە هێرشبەرییەکانی چێڵسی کە زۆرجار بەدەست کەمیی هەمەجۆریی لە هێرشبردندا دەیناڵاند. هەروەها کۆڵ پاڵمەریش سوود لە هاتنی گولەر وەردەگرێت، چونکە ئێستا چێڵسی بەشێوەیەکی زۆر پشت بەم یاریزانە ئینگلیزە دەبەستێت وەک سەرچاوەی سەرەکی دروستکردنی هەل. کاتێک پاڵمەر لە باشترین ئاستیدا نابێت، ئاستی هێرشبەری تیپەکە بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت، بۆیە گولەر دەتوانێت هاوکار بێت لە دابەشکردنی ئەرکی دروستکردنی یاری و دابینکردنی بژاردەی زیاتر لە سێیەکی کۆتایی یاریگادا.

Page 18 of 114 1 … 17 18 19 … 114