شههلا سۆفى- زارى كرمانجى:
توێژینەوەیەکی زانستی دەریدەخات کە ئەنجامدانی لانیکەم ٦٠ خولەک چالاکیی جەستەیی لە دوای خوێندن لە هەموو ڕۆژێکدا، جگە لە پاراستنی تەندروستیی جەستەیی، کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر ئەرکی مەعریفی و توانای فێربوونی منداڵان و هەرزەکارانیش دادەنێت.
تیمێکی توێژینەوە بە سەرۆکایەتی پرۆفیسۆر چارڵز تان لە زانکۆی ئیلینۆیس لە ئۆربانا-شامپاین، ئەنجامەکانیان لە گۆڤاری زانستیی (Pediatrics) بڵاوکردەوە و ئاماژەیان بەوە کردووە کە منداڵان و هەرزەکارانی تەمەن ٦ تا ١٧ ساڵ پێویستیان بە لانیکەم کاتژمێرێک چالاکیی جەستەیی لە ڕۆژێکدا هەیە.
بە گوێرەی توێژینەوەکان، بەردەوامبوون لەسەر وەرزش و چالاکیی جەستەیی لە قۆناغەکانی منداڵی و هەرزەکاریدا چەندین سوودی بەرچاوی هەیە، لەوانە یارمەتیدانی گەشە و تەندروستیی ئێسک و ماسولکەکان، کۆنترۆڵکردنی کێشی لەش، هەروەها دابەزاندنی ئاستی کۆلیسترۆڵ و پەستانی خوێن.
هاوکات توێژینەوە پزیشکی و مەعریفییەکان زیاتر جەخت لەوە دەکەنەوە کە جووڵە و وەرزش کارکردنی مێشک چالاک دەکات؛ بە جۆرێک لە توێژینەوەیەکی ساڵی ٢٠١٢دا دەرکەوتووە کە تەنها ٢٠ خولەک وەرزشکردن لە ڕۆژێکدا دەبێتە هۆی باشتربوونی ئاستی خوێندن و سەرنجدان لەو منداڵانەی کە تووشی کەمی سەرنجدان و فرەجووڵەیی (ADHD) بوون.
لە کۆتاییدا دەرەنجامی ئەم لێکۆڵینەوانە ئەوە دەردەخات کە بەشداریکردنی منداڵان لە چالاکی و پۆلە وەرزشییەکانی دوای خوێندن، دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ لە بەرزکردنەوەی ئاستی تەرکیز، توانای فێربوون و تەندروستیی گشتییان بگێڕێت.

































































