بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی هۆشداری لە هاتنی شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین و هەورەتریشقە دەدات، هاوکات ئاماژە بە مەترسیی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو، دابەزینی بەرچاوی پلەکانی گەرما و بەفربارین لە ناوچە شاخاوییەکان دەکات.
بەپێی ڕاگەیەنراوێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی، لە ڕۆژی یەکشەممەوە (29-11-2026) لە ئەنجامی هاتنی نزمە پاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست، شەپۆلێکی بارانبارین ڕوو لە ناوچەکە دەکات و کاریگەرییەکەی بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک بەردەوام دەبێت.
لەبارەی چۆنییەتی گەشەسەندنی شەپۆلەکەوە، کەشناسی ڕوونیکردووەتەوە کە سەرەتا کاریگەرییەکە بە نزمەپاڵەپەستۆیەکی لاواز دەستپێدەکات، بەڵام لە کاتەکانی ئێوارەی ڕۆژی دووشەممەدا شەپۆلەکە دووبارە چالاک دەبێتەوە. بەپێی پێشبینییەکان، ڕۆژی سێشەممە (1-12-2026) چەقی بەهێزی شەپۆلەکە دەبێت و سەرجەم ناوچەکە دەکەوێتە ژێر کاریگەرییەوە.
بەڕێوەبەرایەتییەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، دابارینەکان لە شێوەی لێزمەباران و هەورەتریشقەدا دەبن و لە هەندێک کاتیشدا ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو هەیە. وەک لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، کاریگەریی شەپۆلەکە درێژدەبێتەوە بۆ ڕۆژانی چوارشەممە، پێنجشەممە و هەینی، بەجۆرێک بەگوێرەی پێشبینییەکانی ئێستا ناوچەکە بۆ ماوەی یەک هەفتە لەژێر کاریگەریی ئەم شەپۆلە بارانبارینەدا دەمێنێتەوە.
هاوکات لەگەڵ بارانبارینەکەدا، کەشناسی پێشبینی دەکات پلەکانی گەرما دابەزینێکی بەرچاو بەخۆیانەوە ببینن و خێرایی با بۆ سەرووی 35 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا زیاد بکات، سەرەڕای بارینی بەفر لەسەر ناوچە شاخاوییە بەرزەکان.
































































