جەوهەر مەقسود فەقێ
بەدوای بڕیارەکانی ئەمڕۆی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، سەبارەت بە گرتنەدەستی بەڕێوەبردنی هەموو دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، کۆنترۆڵکردنی دەرکردنی نەوت و بەڕێوەبردنی کێڵگە نەوتییەکان، پێویستە بە ڕوونی و بە هەڵوێستێکی نیشتمانی و دەستوری قسە بکەین.
ئەگەر حکومەتی عێراق بەڕاستی پابەندی دەستور و یەکپارچەیی عێراقە، با سەرەتا مافە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکات، ئەو مافانەی بە پێی دەستووری عێراق هەرێمی کوردستانی وەک هەرێمێکی فیدراڵی ناساندووە. پاشان داوای جێبەجێکردنی ئەرک و پابەندییەکان لە هەرێم بکات. دەستور نابێت تەنها لەو کاتەدا بیر بخرێتەوە کە باسی دەسەڵاتی بەغدا دەکرێت، بەڵام کاتێک دەگاتە مافەکانی هەرێم، پشتگوێ بخرێت.
ئەوەی بە ناوی جێبەجێکردنی دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵی ئەمڕۆ دەکرێت، ئەگەر لە چوارچێوەی دەستور و هاوبەشییە فیدراڵییەکاندا نەبێت، نابێتە چارەسەری کێشەکان، بەڵکو دەبێتە هۆی قووڵبوونەوەی ناکۆکییەکان.
هەرێمی کوردستان بە بەیاننامە و بڕیاری سیاسی دروست نەبووە؛ بە قوربانی، خوێنی شەهیدان، ئەنفال، کیمیاباران، زیندەبەچالکردن، لەسێدارەدان و ئاوارەیی هەزاران خێزان دروست بووە. ئەو مێژووە لە بیرمان ناچێتەوە. نە ئەنفالمان لەبیر چووە، نە کیمیاباران، نە ئەو کچ و ژنە کوردانەی بوونە دیارییەکی نائینسانی بۆ دوژمنان، نە ئەو خێزانانەی بە زیندوویی لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا نێژران.
بۆیە ئەگەر کەسێک وا بیر بکاتەوە کە بە چەند بڕیارێکی حکومی دەتوانێت مێژووی خەبات و قوربانییەکانی گەلێک پشتگوێ بخات، ئەوا خەونی حوشترە. هەرێمێک بە خوێن دروست بووە و دڵنیابن بە هەمان خوێن و بە هەموو توانای خۆمان پارێزگاری لێ دەکەین.
لە دوای ساڵی ٢٠٠٣، شیعەکان بە شێوەیەکی سەرەکی دەسەڵاتی حکومەتی عێراقیان بەدەستەوە گرتووە و ئێرانیش بە هەموو توانای خۆی پشتگیریی هێز و هاوپەیمانەکانی لە عێراق کردووە. بەڵام کورد، کە یەکێک لە سەرەکیترین قوربانییەکانی ڕژێمی پێشوو بووە، ئێستا خاوەنی هەرێمێکی فیدراڵییە کە لە دەستوردا ماف و دەسەڵاتی دیاریکراوی هەیە. جێی پرسیارە: بۆچی هەندێک کەس لە ناو خۆماندا بە ئاسانی ئامادەن ئەو دەستکەوتە نیشتمانییە لاواز بکەن و بە دەستی خۆیان هەرێم بخەنە ژێر هەڕەشەوە؟
ئەمەش بە مانای ئەوە نییە کە ئێمە هیچ ڕەخنەیەکمان لە حوکمڕانی و ئیدارەی هەرێم نییە. بە پێچەوانەوە، هەزاران تێبینی و ڕەخنەمان لە ئیدارە، خزمەتگوزاری، دادپەروەری، دابەشکردنی دەسەڵات و بارگرانییەکانی سەرشانی هاووڵاتیان هەیە. پێویستە حکومەتی هەرێم پێداچوونەوەی جدی بە شێوازی حوکمڕانی بکات، خزمەتی هاووڵاتیان باشتر بکات، باری ئابووری خەڵک سوک بکات و متمانەی گشتی بە دامەزراوەکان بگەڕێنێتەوە.
بەڵام جیاوازییەکی گەورە هەیە لەنێوان ڕەخنەگرتن لە حکومەت و لاوازکردنی بنەماکانی هەرێم. دەتوانین ڕەخنەگر بین، داوای چاکسازی بکەین، تەنانەت بە توندی ڕەخنە لە بڕیارە هەڵەکان بگرین، بەڵام نابێت دەستکەوتە نیشتمانییەکانمان بکەینە قوربانیی ناکۆکییە سیاسییە ناوخۆییەکان.
پاراستنی هەرێم تەنها ئەرکی حکومەت و پارتە سیاسییەکان نییە؛ ئەرکی هەموو تاکێکی کوردە. پاراستنی ئاسایش و ئەمان، خاک، ناموس، دەستکەوتە دەستورییەکان و یەکگرتوویی کۆمەڵگای کوردستان، بەرپرسیارییەتییەکی هاوبەشە.
ئێمە حکومەتێکی باشتر، ئیدارەیەکی دادپەروەرتر و خزمەتگوزارییەکی باشترمان دەوێت، بەڵام هەرێمێکیشمان دەوێت کە مافە دەستورییەکانی پارێزراو بێت و هیچ لایەنێک بە بڕیاری تاکلایەنە دەستدرێژییە سەر دەسەڵاتەکانی نەکات.
با بەغدا بزانێت کە کورد داوای شتێکی زیاتر لە دەستور ناکات، بەڵام لە مافە دەستورییەکانی خۆشی پاشەکشە ناکات.
ڕەخنەمان لە حکومەت هەیە، داوای چاکسازی دەکەین، بەڵام هەرێممان هێڵی سوورە؛ چونکە ئەوە بە خوێنی شەهیدان دروست بووە، نە بە بەخششی هیچ حکومەتێک.

































































