شههلا سۆفى- زارى كرمانجى:
کۆمپانیای نیشتمانی نەوتی ئەبوزەبی (ADNOC) ڕایگەیاند، بەرەبەیانی ڕۆژى سێشەممە، لە ئەنجامی هێرشکردنە سەر یەکێک لە کەشتییەکانیان لە گەرووی هورمز، ئەندامێکی تیمی کەشتییەکە بێسەروشوێن بووە و ١١ کارمەندی دیکەش برینداربوون.
کۆمپانیاکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەش کردووە، سەرجەم کارمەندەکانی دیکە بە سەلامەتی لە کەشتییەکە رزگاركراون و گواستراونەتەوە.
سەبارەت بە چارەنووسی کارمەندە بێسەروشوێنەکە، کۆمپانیای ئەدنۆک جەختی کردووەتەوە: “ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان و ڕزگارکردن بە هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکان بەردەوامن.”
لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوە ئەمنییە دەریاییەکانەوە بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی کەشتییەکی گواستنەوەی گازی سروشتیی شل بە مووشەک پێکراوە، تیمی کەشتییەکە ناچاربوون کەشتییەکە جێبهێڵن.
سوپای پاسداران و هێزی دەریایی ئێران ڕایانگەیاند کە کەشتییەکی گواستنەوەی گازی سروشتیی شل و دوو کەشتیی نەوتهەڵگر لە گەرووی هورمز گڕیان گرتووە.






























































