نووسین و ئامادەکردنی : کرێکار قادر ڕوستایی
نوسەر و شارەزا لەبواری چارەسەری پزیشکی تەواوکاری
لە پەرەسەندنێکی گرنگدا بۆ بواری پزیشکی تەواوکەر و جێگرەوە، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) لە ڕێککەوتی ٢١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، ڕاپۆرتێکی زانستیی گرنگی لە شێوەی پەڕتووکێکی کاردا (Working Paper) بە ناونیشانی “چارەسەری بە کەڵەشاخ: پوختەیەکی وەسفی بۆ خول و ڕاهێنان” (Cupping Therapy: Descriptive Synthesis of Training) بڵاوکردەوە.
ئەم ڕاپۆرتە ٣٠ پەڕەییە کە لەلایەن: ناوەندی پزیشکی نەریتی جیهانی Global Traditional Medicine Centre (TMC)، سەر بە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) ئامادەکراوە، تیشک دەخاتە سەر ڕێکخستنی زانستییانەی خولەکانی کەڵەشاخ و دانانی بنەمای نوێ بۆ ئەم بوارە پزیشکیە لەسەر ئاستی جیهاندا.
تەوەرە سەرەکییەکانی ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی WHO :
١.بەزانستییکردنی خولەکان : داڕشتنی بەرنامەیەکی زانستی و باوەڕپێکراو بۆ فێربوون و مەشقپێکردنی کەڵەشاخ، لەسەر بنەمای ستانداردە تەندروستییە جیهانییەکان.
٢.پاراستنی سەلامەتی و پاکوخاوێنی : دانانی مەرج و ڕێسای ورد بۆ ڕاهێنەران و ناوەندەکانی فێربوون، لەپێناو بەکارهێنانی کەرەستەی یەکجار بەکارهاتوو و سەلامەت و ڕێگریکردن لە هەر مەترسی و بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەک.
٣.یەکخستنی یاسا و ڕێنماییەکان : یارمەتیدانی حکومەتەکان، بنکە تەندروستییەکان و توێژەران بۆ ئەوەی بتوانن یاسای ڕوون و مۆڵەتی فەرمی بۆ ئەنجامدانی کەڵەشاخ دابنێن.
٤.ئامانجی سەرەکیی ڕاپۆرتەکە: دروستکردنی هاوئاهەنگی و پشتیوانیکردن لە گفتوگۆیەکی زانستی لەنێوان یاسادانەران، ناوەندەکانی ڕاهێنان و پزیشکاندا، بە مەبەستی ڕێکخستنی ڕەهەندەکانی ڕاهێنان و پیشەی کەڵەشاخ لە ئاستی نیشتمانی و جیهانیدا.
بۆچی جیهان و ڕێکخراوە تەندروستییەکان گرنگییەکی زۆر بە ئەنجامدانی”کەڵەشاخ” دەدەن؟
سەرنجڕاکێشانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بۆ سەر کەڵەشاخ بێهۆ نییە، بەڵکو دەگەڕێتەوە بۆ چەندین هۆکاری زانستی و پراکتیکی کە گرنگترینیان ئەمانەن :
١.مێژوویەکی قووڵ و قبووڵکردنی جەماوەری : کەڵەشاخ یەکێکە لە کۆنترین ڕێکارە پزیشکییە نەریتییەکان کە بە سەدان ساڵە لە کەلتوور و سیستممە جیاوازەکانی جیهاندا بۆ مەبەستی خۆپاراستن و چارەسەر بەکاردێت و متمانەیەکی بەرینی جەماوەری هەیە.
٢.کاریگەریی زانراو لەسەر سووڕی خوێن: زانستی سەردەم سەلماندویەتی کە کەڵەشاخ یارمەتی باشترکردنی سووڕی خوێن، چالاککردن و هاندانی خانەکانی لەش، و کەمکردنەوەی گرژی و ئازاری ماسولکەکان دەدات.
٣.دەرکردنی ژەهر و پاشماوەکان : یەکێک لە خاڵە هەرە گرنگەکان بریتییە لە یارمەتیدانی لەش بۆ فڕێدانی پاشماوە و ماددە زیانبەخشەکان لە ڕێگەی پێستەوە، کە ئەمەش سیستمی بەرگریی لەش بەهێزتر دەکات.
٤.کەمکردنەوەی پشتبەستن بە دەرمانە کیمیاییەکان : لەگەڵ زۆربوونی لایەنە نەخوازراوەکانی دەرمانە کیمیاییەکان، خەڵک و پزیشکان ڕوو لە ڕێکارە سروشتی و تەواوکەرەکان دەکەن، لەبەر ئەوەی بەراورد بە دەرمانە کیمیاییەکان زیانی لاوەکی زۆر کەمترە.
٥.پێویستی بە ڕێکخستن و ڕێساکردنی پیشەیی هەیە: بەهۆی فراوانبوونی خواست لەسەر ئەم چارەسەرە، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هەستی بەوە کردووە کە پێویستە مەشقپێدان و پێدانی مەرج و بڕوانامە بۆ چارەسەرکاران ڕێکبخرێت، بۆ ئەوەی کارەکە بە زانستیترین، پاکترین و سەلامەتترین شێوە پێشکەش بە هاوڵاتییان بکرێت و دووربێت لە هەر هەڵە و کەمتەرخەمییەک.
نووسین و ئامادەکردنی : کرێکار قادر ڕوستایی
نوسەر و شارەزا لەبواری چارەسەری پزیشکی تەواوکاری
لینکی دەقەی بڵاوکراوەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی WHO:
https://www.who.int/publications/i/item/9789240125964?fbclid=IwdGRjcAVUXSBjbGNrBVRcLWV4dG4DYWVtAjExAHBkb2YFc3J0YwZhcHBfaWQMMzUwNjg1NTMxNzI4AAEf1IiOoV-sVgzD5ScMeXs8MW07VJSM6ue22gE0rt_hjBs7fSWx3FKB_kyzeFI_aem_b_Jw2q9VxvocN45m_5UGCg


































































