زاری كرمانجی-سۆران
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمەڵەی قوتابیانی پزیشکی جیهانی (IFMSA) و سێ قوتابیی زانکۆ کە بەشداربووی بەرنامەی ئاڵوگۆڕی سەرکردە گەنجەکانی عێراق (IYLEP) بوون، چالاکییەکی هۆشیاریی تەندروستییان لە کەمپی قوشتەپە لە سنووری پارێزگای هەولێر ئەنجام دا.
لەم چوارچێوەیدا وانەیەکی هۆشیاریی تەندروستی بۆ 35 ئافرەت پێشکەش کرا. هەروەها پشکنینی مەمک بۆ هەموو بەشداربووان ئەنجام درا، بە تایبەتی ئەوانەی تەمەنیان 40 ساڵ و زیاتر بوون.
لە لایەکی دیکەوە، لە ماوەی چالاکییەکەدا، کلینیکی گەڕۆکی نەخۆشخانەی ئەڵایەنس مێد (AllianceMed) ئامادە بوو و ڕاوێژکاریی تەندروستیی بە خۆڕایی بۆ ئەو ئافرەتانە پێشکەش کرد کە ئارەزووی وەرگرتنی ئەم خزمەتگوزارییەیان هەبوو.
ئەم چالاکییە لە چوارچێوەی پڕۆژەی «بووژین»دا بوو بۆ پەرەپێدانی هۆشیاریی تەندروستیی ئافرەتان و جەخت لەوە کرایەوە کە پشکنین و دۆزینەوەی پێشوەختەی شێرپەنجەی مەمک، چارەسەرکردنی زۆر ئاسانتر دەبێت.


































































