زاری كرمانجی:
بەپێی ڕاگەیاندنی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز دادگای باڵای بەریتانیا داواكاریی یاساییی سێ كۆمپانیای گەورەی تەكنەلۆژی، Meta، TikTok و X ـی ڕەتكردەوە. ئەم كۆمپانیایانە هەوڵیان دابوو ڕێگری لە داواكارییەكانی دەزگای ڕێكخەری پەیوەندییەكانی بەریتانیا (Ofcom) بكەن، كە داوای زانیاریی وردی لەسەر چاودێری و سڕینەوەی ناوەڕۆكی زیانبەخش لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەكرد.
بەپێی یاسای پاراستنی سەلامەتیی ئۆنلاین، ئەم سێ كۆمپانیایە دەبێت زانیاریی ورد لەسەر ژمارەی ئەو پۆستانەی سڕاونەتەوە یان بینینیان سنووردار كراوە، هەروەها ژمارەی بەكارهێنەران، بە تایبەتی منداڵان، كە بەركەوتووی ناوەڕۆكی زیانبەخش بوون، پێشكەشی Ofcom بكەن.
كۆمپانیاكان بانگەشەیان كردبوو كە كۆكردنەوە و پێشكەشكردنی ئەم زانیارییانە خەرجییەكی زۆری دارایی و كارگێڕییان لەسەر دەخات. بەڵام دادگا ئەم بانگەشانەی قبوڵ نەكرد و بڕیاری لە بەرژەوەندیی دەزگای چاودێرییەكە دا.
بەپێی یاساكە، پێشێلكارییە جدییەكان دەتوانن ببنە هۆی سەپاندنی سزای دارایی تا ڕادەی ١٠٪ی داهاتی جیهانی كۆمپانیاكان.
ئەم بڕیارە هەنگاوێكی گرنگە بۆ زیادكردنی بەرپرسیاریەتیی كۆمپانیا تەكنەلۆژییەكان و پاراستنی بەكارهێنەران لە ناوەڕۆكی زیانبەخش لەسەر ئینتەرنێت.

































































