کرێکار قادر ڕوستایی
نووسەر و شارەزا لە بواری چارەسەری پزیشکی تەواوکاری
لە کۆمەڵگای ئەمڕۆی ئێمەدا، دیاردەیەکی زۆر مەترسیدار و کارەساتبار سەری هەڵداوە کە ڕاستەوخۆ یاری بە ژیان و تەندروستی مرۆڤەکان دەکات. ئەگەر کەمێک بەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا (فەیسبووک، تیکتۆک، ئینستاگرام) بگەڕێیت، دەبینیت ڕۆژانە دەیان کەس لەژێر ناوی جۆراوجۆری وەک (شێخ، ملا، مامۆستا، سید، دەروێش، سۆفی، حاجی، عەتار، هونەرمەند، حەکیم و شارەزا) کورتە ڤیدیۆ بڵاودەکەنەوە و بانگەشەی شتی سەیروسەمەرە دەکەن.
ئەم کەسانە، بەبێ ئەوەی چرکەیەک لە زانکۆ یان ناوەندە پزیشکییە باوەڕپێکراوەکاندا خوێندبێتیان، یان هیچ بنەمایەکی زانستی لەسەر جەستەی مرۆڤ بزانن، خۆیان کردووە بە فریادڕەس! ئەوان بانگەشەی چارەسەرکردنی هەموو جۆرە نەخۆشییەکی (جەستەیی، ڕۆحی، و دەروونی) دەکەن؛ لە شەکرە و شێرپەنجەوە بگرە تا دەگاتە نەخۆشییە دەروونییە قووڵەکان.
ڕاستییەکە چییە؟ ئامانجی ئەوان چییە؟
دەبێت بە ئاگا بین کە زۆربەی هەرە زۆری ئەم بانگەشانە تەنها بۆ دوو مەبەستن :
١ـ پەیداکردنی ناوبانگ (شۆهرەت): لایک و کۆمێنت و کۆکردنەوەی فۆڵۆوەر لەسەر حیسابی سۆز و نەهامەتی خەڵکی نەخۆش.
٢ـ کۆکردنەوەی پارە و قازانجی خێرا لە ڕێگەی فرۆشتنی بەناو «دەرمانی گیایی»، «بەرھەمی سروشتی هاوردەکراو»، یان گیراوەی سەیروسەمەرە بە نرخێکی گران، لەژێر ناوی (چارەسەری بنەڕەتی).
بۆچی ئەمە کارەساتە؟
لەبەر تێکچوونی تەندروستی، زۆر لەو پێکهاتە و دەرمانە گیاییانەی بەبێ پێوەر و زانست تێکەڵ دەکرێن، دەبنە هۆی سستبوونی گورچیلەکان، ژهراویبوونی جگەر و تێکچوونی کۆئەندامی هەرەس.
دواکەوتنی چارەسەری ڕاستەقینە: کاتێک نەخۆش یان چارەخواز بەبێ دەستنیشانکردنی زانستیی جۆری نەخۆشییەکەی دەچێتە لای ئەم بازرگانانە، کاتی زێڕینی خۆی بە دەرمانی بێسوود بەفیڕۆ دەدات. ئەمەش دەبێتە هۆی دواکەوتنی چارەسەری ڕاستەقینە؛ بەجۆرێک نەخۆشییەکەی (بەتایبەت شێرپەنجە، نەخۆشییەکانی دڵ، گورجیلە، جگەر و تێکچوونە دەروونییەکان) قۆناغ بە قۆناغ گەشە دەکات، و کاتێک ڕوو لە پزیشکی پسپۆڕ دەکات، کار لە کار ترازاوە.
شێواندنی ناوی چارەسەری سروشتی ڕەسەن و پزیشکی تەواوکاری، ئەم جۆرە فەوزایە، زیان بەو بوارە زانستی و ڕێپێدراوانەش دەگەیەنێت کە بە ڕێگای دروست و لەژێر چاودێری کەسانی پسپۆڕ و شارەزادا ئەنجام دەدرێت.
پەیامێک بۆ هاووڵاتیانی بەڕێز : تەندروستی تۆ، گەورەترین سەرمایەی تۆیە. جەستەی تۆ تاقیگە نییە بۆ ئەوەی هەر کەسێک لە تیکتۆک و فەیسبووکەوە هەستا، گیراوە و دەرمانی تێدا تاقی بکاتەوە. ناونیشان و ڕێز و پێگەی کۆمەڵایەتی یان ئاینی یان هونەریی هیچ کەسێک، نایکاتە پزیشک و چارەسەرکاری ڕاستەقینە! چارەسەرکاری ڕاستەقینە و پسپۆڕ و شارەزا، خاوەنی زانستێکی قووڵە کە ساڵانێکی درێژ ڕەنج، خوێندن و ئەزموونی زۆری بۆ کێشاوە. با هۆشیار بین و ڕێگە نەدەین نەزانین و تەماعکاری، ژیانی خۆمان و ئازیزانمان بخاتە مەترسییەوە. بۆ هەر کێشەیەکی تەندروستی، بەکارهێنانی دەرمانی گیایی و سروشتی بەبێ دەستنیشانکردنی وردی جۆری نەخۆشییەکە، تەنها زیان و مەترسی بۆ سەر تەندروستی نەخۆش و چارەخواز لێدەکەوێتەوە.

































































