تیرۆریستانی داعش لە گوندێكی شارۆچكەی حەویجە پەلاماری خاڵێكی سەربازیی سوپای عێراقیان داوە و دوای بۆسەیەكی هێزە تەناهییەكان، شەڕێكی سەخت دروست بووە، بەهۆیەوە كوژراو و بریندار لە ڕیزەكانی داعش كەوتووەتەوە.
درەنگانی شەوی ڕابردوو تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ، تیرۆریستانی داعش لە گوندی “ئەلبرغیلیە” لە سنووری شارۆچكەی حەویجە، تەقەیان لە خاڵێكی سەربازیی سوپای عێراق كردووە.
دوای دەستڕێژیی فیشەك، هێزەكانی سوپای عێراق بۆسەیەكیان بۆ تیرۆریستان ناوەتەوە و بەهۆیەوە شەڕێكی سەخت لە ناو گوندەكەدا دروست بووە.
لەلایەكی ترەوە پۆلیسی شارۆچكەی حەویجە ڕای گەیاندووە، لە ئەنجامی شەڕەكەدا كوژراو و بریندار لە ڕیزەكانی تیرۆریستانی داعشدا هەیە، بەڵام باسی لە زیانەكانی سوپای عێراق لە ڕووداوەكەدا نەكردووە.
ئەوە لە كاتێكدایە هەفتەی رابردوو سێ هێرشی تری داعش لەو سنوورە هەبوو، بەو هۆیەوە پۆلیسێك كوژرا و چوار پۆلیسی تر بریندار بوون.

































































