ئادار عەبدوڵڵا _ زاری کرمانجی
کارل دیسیرۆس زانای دەمارناسی و پزیشکی دەروونی لە زانکۆی ستانفۆرد مامەڵەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ نەخۆشانی خەمۆکی و سکیزۆفرێنیا دەکات، ئەم ئەزموونەش پاڵنەری سەرەکی بوو بۆ لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتیی پەیوەندیی خانەکانی مێشک.
ئەم زانایە لە ڕێگەی پێشخستنی تەکنیکێکی شۆڕشگێڕانەوە سەرکەوتنی بەدەستهێنا، کە ڕێگە بە زانایان دەدات خانە دەمارییە دیاریکراوەکان بە وردییەکی زۆرەوە چالاک بکەن یان چالاکییەکەیان بپچڕێن.
لەگەڵ ئەم دەستکەوتە زانستییە گەورانەشدا، دیسیرۆس ژیانێکی خێزانیی ساده دەژیت و لەگەڵ هاوسەرەکەی میشێل مۆنجی کە ئەویش زانای دەمارناسییە پێکەوە ئەرکی بەخێوکردنی پێنج منداڵەکەیان دابەش کردووە، تاوەکو لە یەک کاتدا بلیمەتیی زانا و مرۆڤدۆستیی پزیشکێک و میهرەبانیی باوکێک لە خویدا کۆبکاتەوە بە جۆرێک بە دەستی خۆی خەریکی ئامادەکردنی نانی نیوەڕۆی قوتابخانەی منداڵەکانییەتی.

































































