مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
حكومەتی ئەمەریكا ئاشكرای كرد كە بە وردی چاودێری گومانی تۆماركردنی حاڵەتێكی تاعوون لە ناوچەی ‘ئیركووتسك’ـی سیبیریا لە ڕووسیا دەكات. ئەمەش دوای ئەوەی كە هەفتەی ڕابردوو توێژەرێكی تاقیگەیەكی تایبەت بە تاعوون گیانی لەدەستدا و نزیكەی 189 كەس خرانە ژێر چاودێریی پزیشكییەوە.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە ڕێكیاڤیكی پایتەختی ئایسلەند ڕایگەیاند كە وڵاتەكەی “زۆر لە نزیكەوە” چاودێری دۆخەكە دەكات و جەختیشی كردەوە كە “ئەركە لەسەر ڕووسیا بە شێوازێكی ڕوون زانیارییەكان لەگەڵ جیهاندا هاوبەش بكات.” هاوكات بەرپرسێكی بەڕێوەبەرایەتیی ترەمپ بە ماڵپەڕی ‘ئاكسیۆس’ـی ڕاگەیاندووە كە واشنتۆن لە بابەتەكە ئاگادارە و خەریكی هەڵسەنگاندنی بژاردەكانە.
بەپێی ڕاپۆرتە هەواڵییەكان، دەستپێكی ڕووداوەكە بۆ كۆچی دوایی ناڕوونی توێژەرێكی تاقیگەی سیبیریا لە ڕۆژی هەینی ڕابردوو دەگەڕێتەوە. بەشێك لە میدیا ناوخۆییەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە ئەو توێژەرە پێشتر بۆرییەكی تاقیكردنەوەی شكاوی بەكتریای تاعوونی لەدەست دەرچووە، بەڵام ئەم زانیارییە تا ئێستا بە فەرمی پشتڕاست نەكراوەتەوە. ڕووداوەكە بووەتە هۆی كەرەنتینەكردنی دەیان كارمەندی تاقیگەكە و بەرزبوونەوەی نادڵنیایی لەناو هاووڵاتیاندا.
لە بەرامبەردا، دەسەڵاتدارانی مۆسكۆ ڕەتیانكردووەتەوە هیچ مەترسییەك لەسەر هاووڵاتیان هەبێت و ئاماژەیان بەوە كردووە كە هۆكاری گیانلەدەستدانی توێژەرەكە جەڵتەی سییەكان (هەوكردنی سییەكان) بووە.
لە لایەكی ترەوە، ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) ڕایگەیاندووە كە تاقیكردنەوەكان بۆ دیاریكردنی هۆكاری كۆچی دواییەكە بەردەوامن و تا ئێستا بە فەرمی پەسەند نەكراوە. ڕێكخراوەكە ئاماژەی بەوەش داوە كە سەرجەم ئەو كەسانەی بەركەوتنیان هەبووە دەستنیشان كراون و هیچ نیشانەیەكی نەخۆشییان تێدا بەدی نەكراوە، بەوەش مەترسیی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكە لەناو خەڵكدا بە كەم دەپێورێت.
































































