نووسینی: کرێکار قادر ڕوستایی
ئەم وێنەیە تەنیا یادگارێکی ڕابردوو نییە تا لە دەرگای لەبیرچوونەوە بدات، بەڵکو شاهیدێکی زێڕینی ڕەسەنایەتی، میهرەبانی و پاکیی دڵی خەڵکێکە کە هاوکاری و بەدەمیەکەوەچوونیان کردبووە هەوێنی ژیانیان.
ڕۆژگارێک کە لە گوندی ڕوست، خۆشەویستی و دڵسۆزی سنووری نەبوو و خەڵکەکەی وەک یەک خێزان لە خۆشی و سەختییەکاندا پشتیان بە یەکتر دەبەستا.
کاتێک دروێنەی گەنم کۆتایی دەهات و وەرزی کوتانی گەنم و ئامادەکردنی ئازووخەی سەختی زستان دەهات، گیانی هاوکاری و کاری بەکۆمەڵ لە قالبێکی زۆر جواندا بە ناوی «زبارە» ڕەنگی دەداوە. ئەوانەی گەنمیان هەبوو، بانگی هاوگوندی و دراوسێیەکانیان دەکرد؛ هەمووان بە دەمەبزە، دڵێکی کراوە و گیانێکی فیداکارانەوە بەرەو هاوکارییەکە وەڕێ دەکەوتن.
لەم نەریتە ڕەسەنەدا، ژن و پیاو، گەنج و پیر، شانبەشانی یەکتر دەستبەکار دەبوون، ژنەکان بە هێمنی، میهرەبانی و شارەزاییەوە گەنمەکەیان دەکردە ناو جۆنی یان دەستاڕ و هەندێ جار کەمێک ئاویان دەپڕژاندە سەر گەنمەکە تا توێکڵەکەی بەئاسانی جودا ببێتەوە.
پیاوەکانیش، بە کوتکی دار و بە گوڕ و هێزەوە ئاوازێکی تایبەت بەسەر جۆنییەکاندا دەهاتن و گەنمەکەیان دەکوتایەوە.
لە ئەنجامی ئەم ڕەنجە بەکۆمەڵە و بە لێدانی کوتکی جۆنی و هاڕینی دەستاڕ، تەواوی ئازووخەی ساڵانەی ماڵان لە ساواڕ، بڕوش، گەنمەکوتا و ئاردی بەرەکەتدار بەرهەم دەهات.
لەو ڕۆژگارە زێڕینەدا، ڕەنجدان و کارکردن تەنیا ماندوێتی نەبوو، بەڵکو جەژنی یەکدەستی، ئاهەنگی هاوسۆزی و نوێکردنەوەی پەیمانی برایەتی بوو. یادخستنەوەی ئەم نەریتانە لەمڕۆدا، ڕێزلێنانە لە مێژووی پڕ لەرەنج و سەربەرزیی گوندەکەمان.

































































