ئەمریکا چەکی بنچینەیی بۆشایی ئاسمان لە خولگەدا جێگیر دەکات لە هەوڵێکدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە پەرەسەندووەکانی ڕکابەرەکانی
بەپێی هەواڵێکی میلیتاری تایمز، وەزیری هێزی ئاسمانی ئەمریکا ترۆی مینک لە میانی وتارێکدا لە کۆنفرانسی ئاسمانی و بۆشایی ئاسمان و ئەلیکترۆنی ساڵی ٢٠٢٦ی کۆمەڵەی هێزەکانی ئاسمانی و بۆشایی ئاسمانی ئەمریکا ڕایگەیاند کە ئێستا ئەو هێزە بە چەکی بۆشایی ئاسمان تەیار کراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو چەکانە دەتوانن بەرگری لە هێزەکانی ئەمریکا بکەن لە بەرامبەر “کردەوەی دوژمنکارانەی دوژمن”.
ئەمە یەکەمجارە ئەمریکا بە ئاشکرا دان بەوەدا بنێت کە توانایەکی سەربازی لەو شێوەیە لە بۆشایی ئاسمان جێگیر کردووە.
مینک لە وتارەکەیدا ئاماژەی بەوەدا کە ئەو چەکانەی کە لە بۆشایی ئاسمانەوە دەبەسترێن دەتوانن هێزەکانی ئەمریکا لە بەرامبەر “کردەوەی دوژمنکارانەی دوژمن” بپارێزن. ئەو وردەکاریی زیاتری لەبارەی ئەو چەکانەوە نەخستەڕوو، تەنیا ئاماژەی بەوەدا کە ئەو دەستەواژەیە “بە وردی هەڵبژێردراوە و دوای تێڕوانینێکی زۆر”.
مینک لە میانەی وتارەکەیدا گووتی: زۆر گرنگە کە ئێمە باڵادەستی خۆمان نەک تەنها لە هەوادا بەڵکو لە بۆشایی ئاسمانیشدا بپارێزین، بۆیە ناچار بووین هەنگاو بنێین بۆ دڵنیابوون لەوەی ئەگەر ڕووبەڕووی هەڕەشەیەک بووینەوە، دەتوانین بەرپەرچی بدەینەوە.
کەناڵی ئەی بی سی نیوز دەنووسێت کە لێدوانی ئەم بەرپرسە باڵایە ئەمریکییانە هۆشدارییەکی ڕوونە بۆ چین و ڕووسیا.
گووتەبێژی “هێزی بۆشایی ئاسمان”ی ئەمریکا سەبارەت بەم چەکانە بە کەناڵی ABC Newsی ڕاگەیاندووە: “ئەم توانایانە دەتوانرێت بۆ مەبەستی هێرشبردن و بەرگری بە ئاراستەی فەرماندەیی شەڕکەرەکان بەکاربهێنرێت”.

































































