ئادار عەبدوڵڵا _ زاری كرمانجی
قوتابییەكی قۆناغی چوارەمی بەشی ئینگلیزی كتێبێكی زانستیی ناوەزد لەسەر گەشە و پێكهاتەی مێشكی هەرزەكاران لە ئینگلیزییەوە وەرگێڕایە سەر زمانی كوردی.
ڕاگەیاندنی فاكەڵتی ئاداب لە زانكۆی سۆران بڵاوی كردەوە؛ لە درێژەی كار و چالاكییە ئەكادیمی و ڕۆشنبیرییەكاندا، (لاڤە صدیق) قوتابیی قۆناغی چوارەمی بەشی ئینگلیزی لە فاكەڵتیی ئاداب، هەنگاوێكی زانستیی و گرینگ توانی كتێبێكی لە زمانی ئینگلیزییەوە وەرگێڕایە سەر زمانی كوردی بە ناونیشانی «مێشكی هەرزەكاران».
ئاماژە بەوەش دراوە؛ كتێبەكە لە نووسینی زانا و توێژەر (د. فرانسیس ئی. جێنسن – Dr. Frances E. Jensen)ە و تێیدا بە شێوازێكی زانستی تیشك دەخرێتە سەر پێكهاتە و قۆناغەكانی گەشەكردنی مێشكی هەرزەكاران. نووسەر لە ڕێگەی پشتبەستن بە نوێترین دۆزینەوەكانی زانستی دەمار و مێشك و ئەزموونی توێژینەوەكانی، هەوڵ دەدات تێگەیشتنە باوەكان بەرامبەر ڕەفتاری هەرزەكاران ڕوون بكاتەوە و ڕێنماییی پێشكەشی گەنجان و كەسوكاریان بكات.
لەم ڕوانگەیەوە؛ بە كۆ دەنگی ئەنجومەن و ڕاگرایەتیی فاكەڵتیی ئاداب، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی قوتابی (لاڤە صدیق) كرا بۆ ئەم بەرهەمە زانستییە بەپێزە.

































































