ئادار عەبدوڵڵا _ زاری کرمانجی
لە هەنگاوێکدا بۆ چارەسەرکردنی کێشە لۆجیستییەکان و کەمکردنەوەی ئاستەنگەکانی بەردەم ڕێگای گەشتیاران، شاندێکی فەرمیی گەشتوگوزار و گواستنەوەی ئێران سەردانی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانی کرد
ئاژانسی هەواڵی ئیرنای فەرمی ئێران بڵاویکردەوە، شاندێکی گەشتوگوزار و گواستنەوەی ڕێگاوبانی ئێران سەردانی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانیان کرد بۆ تاوتوێکردنی کارئاسانی هاتوچۆی گەشتیاران و فراوانکردنی گواستنەوەی ڕێگاوبانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان.هەروەها شاندەکە بەدواداچوون بۆ ڕێگاکانی باشترکردنی بارودۆخی گەشتیاریی وشکانی و پتەوکردنی هەماهەنگی نێوان دامەزراوەکانی ئێران و حکومەتی هەرێم و سەرپەرشتی دەروازەکان دەکەن.
هاوکات؛ شاندەکە لەگەڵ بەرپرسانی گومرگ و ئیدارەی ڕێگاوبانەکانی حکومەتی هەرێم کۆبوونەوە. کۆبوونەوەیەکی فراوانتر کونسوڵی گشتی ئێران لە هەولێر و بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتی گومرگی حکومەتی هەرێم و بەڕێوەبەری چەند دەروازەیەکی سنوری کۆکردەوە.
لە گفتوگۆکاندا تیشک خرایە سەر دواکەوتن و بابەتی لۆجستیکی دیکە کە کاریگەرییان لەسەر گواستنەوەی ڕێگاوبان هەیە، هەروەها ڕێکارەکانی چوونە ژوورەوە و دەرچوونی ئۆتۆمبێلەکان لە ڕێگەی دەروازەکانەوە.

































































