زاری كرمانجی :
ئەمڕۆ 6ـی ئابی 2026، دەستەی ناوچە كوردستانییەكان لە راگەیاندراوێكدا، قسەكانی پارێزگاری كەركووك لەسەر مادەی 140 رەتكردەوە و ڕایدەگەیەنێت”لێدوانی نادەستووری، سەرنج لەسەر پرسە خزمەتگوزارییەكان لا دەبات، كە ئەمڕۆ كەركووك لە هەموو كات زیاتر پێویستی پێیەتی”.
محەممەد سەمعان، پارێزگاری كەركووك شەوی 4ـی ئاب لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی فەرمیی حكومەتی عێراق گوتی “گەورەترین هەڵەی ستراتیژی كە دەوڵەتی عێراقی لەدوای ساڵی 2003 بەرامبەر بە كەركووك كردوویەتی، مادەی 140 بووە و بەهۆی ئەو جۆرە ماددانەوە دەنگیان بە دەستوور نەداوە. ئەوەش كاردانەوەی كوردی لێكەوتەوە.”
لە راگەیاندراوی دەستەكە هاتووە “خەڵكی كوردستان مادەی 140ـی دەستوور وەك دیارترین نەخشە رێگەی خۆی بینیوە بۆ چارەسەركردنی كێشەیەكی دێرینی نیشتمانەكەی، ئەویش پرسی ناسنامەی رووبەرێكی بەرفراوانی خاكەكەیەتی لە عێراقدا”.
دەشڵێت “دەستوور رێگەیەكی هاوسەنگی بۆ داڕشتووین بە ئاراستەی چارەسەركردنی ئەم پرسە لە چوارچێوەی عێراقی فیدڕاڵدا، بۆیە هەر جۆرە لێدوانێكی نادەستووری لە لایەن پارێزگاری كەركووكەوە كە پێچەوانەی دەستوور بێت جگە لەوەی رەتی دەكەینەوە، بە پێویستیشی دەزانین لەم قۆناخە هەستیارەدا جەنابی پارێزگا گیانی پێكەوەژیانی راستەقینە لە شارەكە زاڵبكات و خۆی بەدوور بگرێت لە بەكارهێنانی دەستەواژەیەك كە پێچەوانەی دەستوور و ئیرادەی راستەقینەی گەلانی عێراق بێت.”


































































