(3 ـ 3)
مافناس / سەنار شێرۆكی
كەركووك شارێكی فرەنەتەوە و هەستیارە كە بە درێژایی مێژوو بە دەست ناكۆكییە دیموگرافییەكانەوە ناڵاندوێتی. كاتێك دامەزراوەیەكی كارگێڕیی گشتیی وەك شارەوانیی كەركووك دەبێتە ئەندام لە ڕێكخراوێكدا كە ناسنامەیەكی نەتەوەییی تایبەتی هەیە، هاوسەنگیی متمانەی كۆمەڵایەتی تێك دەچێت. پێكهاتەكانی تری شارەكە بەتایبەتی كورد كە زۆرینەی مێژوویی و جوگرافیی پارێزگاكەن هەست بە پەراوێزخستن و سڕینەوەی مافەكانیان دەكەن.
ئەم ئاڕاستەیە دەبێتە هۆی پەرەسەندنی ڕەوتی بەرپەرچدانەوە لە نێوان پێكهاتەكاندا؛ بە جۆرێك كورد و عەرەب دەست دەكەن بە پەنابردن بۆ هێز و دەوڵەتانی تر بە مەبەستی ڕاگرتنی هاوسەنگیی هێز. ئەمەش گۆڕەپانی كارگێڕیی كەركووك لە خزمەتگوزارییەوە دەگۆڕێت بۆ گۆڕەپانی ململانێی وەكالەتی ئیقلیمی.
لە كۆتاییدا، بە دەوڵەتبوونی بڕیاری كارگێڕی و دانانی بەرژەوەندیی ئیقلیمی لە سەرووی تەباییی كۆمەڵایەتیی پارێزگاكە، تەنیا زیان بە ئاشتی و ئاسایشی كەركووك دەگەیەنێت. پاراستنی ناسنامەی فرەییی شارەكە و ڕێگریكردن لە بەكارهێنانی كارتە نەتەوەیییەكان، بەرپرسیارێتییەكی گشتییە تا كەركووك وەك بەشێكی دانەبڕاو لە هاوسەنگیی سەقامگیریی هەرێم و عێراق بمێنێتەوە.


































































