ئەژین غەفار – زاری کرمانجی
چین هەنگاوی سەرەتایی بۆ دروستکردنی ناوچەیەکی گەورەی پیشەسازیی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستان ناوە و ئێستا ئەو پڕۆژەیە لە قۆناخی لێکۆڵینەوە و تاوتوێکردنی لایەنی چینی و کوردستانی دایە.
بەرگەشت ئاکرەیی، گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، “دوای کۆبوونەوەی نوێنەرانی دەستەکە لەگەڵ کونسوڵی چین لە هەولێر، بیرۆکەی دامەزراندنی ناوچەیەکی پیشەسازیی تایبەت بە ئۆتۆمبێل لەلایەن چینەوە خراوەتەڕوو و دەستەی وەبەرهێنانیش پێشوازی لێکردووە.”
بەپێی گوتەکانی بەرگەشت ئاکرەیی، “ئەم پێشنیارە دوای ئەوە هاتووە کە کونسوڵخانەی چین تێبینیی ئەوەی کردووە ژمارەی ئۆتۆمبێلە چینییەکان لە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە.”
ئەو ئاماژەی دا، دوای وەرگرتنی ڕەزامەندیی سەرەتایی، کونسوڵخانەی چین دەستی بە گفتوگۆ لەگەڵ حکوومەت و کۆمپانیاکانی وڵاتەکەی کردووە، بۆ ئەوەی هەموو لایەنەکانی پڕۆژەکە تاوتوێ بکرێن و لە داهاتوودا ناوچەیەکی گەورەی پیشەسازیی ئۆتۆمبێل لە هەولێر دامەزرێت. بەپێی ئەو پلانە، لە جیاتی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی تەواوکراو، پارچە و کەلوپەلی یەدەگی لە چینەوە دەهێندرێت و لە هەرێمی کوردستان کۆدەکرێتەوە و ئۆتۆمبێلەکان لێرە دەبەسترین و ئامادە دەکرێن.
گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان ڕوونیشی کردەوە کە چین دەیەوێت ئەو ناوچە پیشەسازییە تەنها بۆ بازاڕی عێراق نەبێت، بەڵکو ببێتە ناوەندی دابینکردنی ئۆتۆمبێل بۆ وڵاتانی دراوسێی هەرێمی کوردستانیش.
لەبارەی داواکارییەکانی لایەنی چینی، بەرگەشت ئاکرەیی وتی، “هێشتا گفتوگۆکان نەگەیشتوونەتە قۆناخی دیاریکردنی مەرج و ڕێککەوتنی کۆتایی، بەڵام تا ئێستا تەنها داوای دابینکردنی پارچە زەوییەک کراوە. دەستەی وەبەرهێنانیش وەڵامێکی ئەرێنی داوەتەوە و داوای لە لایەنی چینی کردووە پرۆپۆزەڵ و پلانی تەواوی کۆمپانیا بەشداربووەکان ئامادە بکەن.” ئەو ئاماژەی بەوەش دا کە پێشتر ئەڵمانیاش بیرۆکەی پڕۆژەیەکی هاوشێوەی هەبوو، بەڵام بەهۆی بارودۆخی ناوچەکەوە جێبەجێکردنی دواکەوت.
بەپێی زانیارییەکان، ئێستا نزیکەی ١٠ جۆر ئۆتۆمبێلی چینی لە بازاڕی هەرێمی کوردستاندا ئامادەن، و کونسوڵی چینیش پێشتر ئاماژەی پێدا بوو کە مەبەستیان دامەزراندنی ناوچەیەکە بۆ کۆکردنەوە و بەستنەوەی پارچەکانی ئۆتۆمبێلەکانە لە هەرێمی کوردستان.


































































