ئەژین غەفار – زاری کرمانجی
لە چین جۆرێکی نوێ لە ئێلەگی فێنککەرەوە بۆ کرێکاران ناسێنراوە، کە ئامانجی سەرەکیی پاراستنیانە لە گەرمای توندی هاوین و دابینکردنی ژینگەیەکی فێنکتر بۆ کارکردنە.
ئەم ئێلەگانە لە سەنتەری داهێنانی ئانهوی چین نمایش کران و کۆمپانیای بەرهەمهێنەر لەسەر چەند جۆرێکی جیاوازیان کار دەکات. نرخی هەر دانەیەکیان نزیکەی 200 یوانی چینییە، کە هاوتای نزیکەی 30 دۆلارە.
کاو یوو، ڕێنیشاندەری سەنتەری داهێنانی ئانهوی، ڕوونی کردەوە، “یەکێک لە جۆرەکان تەنها پێویستی بەوەیە پێش لەبەرکردن بۆ ماوەی پێنج خولەک لە ئاو دابنرێت، پاشان دەتوانێت بۆ ماوەی یەک تا دوو ڕۆژ هەستی فێنکی بدات.”
ئەو هەروەها ئاماژەی بە جۆرێکی دیکە کرد کە بە فێنککەرەوەی خێرا کار دەکات و لەگەڵ پاکەتە ساردکەرەوەکان بەکاردەهێنرێت. ئەو پاکەتانە پێویستە پێشتر لە بەفرگر دابنرێن و دوای لەبەرکردنی ئێلەکە، پلەی گەرمای جەستە بە نزیکەی 8 پلەی سیلیزی کەمتر دەکاتەوە بەراورد بە گەرمای دەوروبەر. لە هەرێمی کوردستان، هەزاران کرێکار لە ژێر گەرمای توندی هاوین کار دەکەن بۆ دابینکردنی ژیانی ڕۆژانەیان.


































































