ئەژین غەفار-زاری کرمانجی
بە گوێرەی پێگەی بی بی سی نیوز (BBC News) تا بەهاری ساڵی ٢٠٢٧، منداڵانی خوار تەمەنی ١٦ ساڵ لە بەکارهێنانی سۆشیال میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان قەدەغە دەکرێن و بە یاسا ڕێگری لێ دەکرێت.
کیەر ستارمەر، یاسادانەر و سیاسەتوانی بەڕیتانی، ئاشکرای دەکات و ڕایدەگەیەنێت، کە تا بەهاری ساڵی ٢٠٢٧، منداڵانی ژێر تەمەنی ١٦ ساڵ ڕێگەیان پێ نادرێت سۆشیال میدیا بەکاربهێنن. بە گوێرەی حکومەتی بەڕیتانیاش، سنەپچات، تیکتۆک، یوتیوب، ئینستاگرام، فەیسبووک و X لەو پلاتفۆرمانەن کە ئەم بڕیارە دەیانگرێتەوە، بەڵام واتسئاپ و سیگناڵ لەم یاسایە بەدەرن.
ستارمەر لە ڕاگەیەنراوێکی تەلەفزیۆنیدا وتی: «قەدەغەکردنی تەواوەتی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە منداڵانی خوار ١٦ ساڵ، هەڵبژاردەیەکی دروستە. من ئامادە نیم لەسەر پاراستنی سەلامەتی منداڵانم هیچ جۆرە سازشێک بکەم.»
هاوکات هەر بە پێی ماڵپەڕی بی بی سی، لویز گیبسۆن، دایکی نوحی ١١ ساڵە، کە گومان دەکرێت دوای هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی چالێنجێکی ئۆنلاین گیانی لەدەست دابێت، وتی: «ئەم بڕیارە هەم بۆ منداڵان و هەم بۆ دایک و باوکان هەنگاوێکی پێویستە.»
جگە لە قەدەغەکردنی سۆشیال میدیا، حکوومەت ڕایگەیاندووە کە هەندێک تایبەتمەندیی زیانبەخش، وەک پەخشی ڕاستەوخۆ (Livestreaming) دادەخات. هەروەها لێکۆڵینەوە لەسەر دانانی سنووری کاتی بەکارهێنان لە شەودا ئەنجام دەدرێت.
لە ئوسترالیا، کە لە کانونی یەکەمی ساڵی ڕابردوو بوو بە یەکەم وڵاتی جیهان کە یاسایەکی هاوشێوەی پەسەند کرد. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەدەن، ئەو هەنگاوە بچووکانە گۆڕانکارییان لە ژیانی هەرزەکاران دروست کردووە و کاریگەری ئەرێنییان جێهێشتووە.
































































