زاری كرمانجی-سۆران
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی سۆران بەبۆنەی (38)ەمین ساڵیادی کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە پەیامێكی بڵاوكردەوە و ئەوە خراوەتەڕوو: ” 38 ساڵ بەسەر یەکێک لە گەورەترین و دڕندانەترین تاوانەکانی مێژووی مرۆڤایەتیدا تێدەپەڕێت، کە ئەویش کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجەی خۆڕاگرە لەلایەن ڕژێمی بەعسی لەناوچوو.
ئەو تاوانەی کە تەنیا لە چەند ساتێکی کەمدا، بووە هۆی شەهیدبوونی پێنج هەزار مرۆڤی بێتاوان و برینداربوونی هەزارانی دیکە و ئاوارەبوونی دانیشتوانی ئەو دەڤەرە.
ئەم یادە خەمناکە برینێکی ساڕێژنەبووی جەستەی نەتەوەکەمانە و هەمیشە وەک بەڵگەیەکی زیندووی جینۆسایدی کورد لە ویژدانی مرۆڤایەتیدا دەمێنێتەوە.
ئێمە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی سۆران، لەم یادە پڕ لە ئازارەدا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی شەهیدانی هەڵەبجە و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریخوازی کوردستان دادەنەوێنین. جەخت دەکەینەوە کە خزمەتکردنی کەسووکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان بە ئەرکی لە پێشینەی خۆمان دەزانین، بەڵێن دووپاتدەکەینەوە کە لەم ئەرکە درێغی نەکەین.


































































