لە چەند ڕۆژی ڕابردوو بەهۆی بارینی بەفرێكی زۆر زیانێكی زۆر بەر تۆڕەكانی كارەبا لە سنووری قەزای مێرگەسۆر كەوتبوو. بەڕێوەبەری كارەبای سنوورەكەش دەڵێ، ئێستا هیچ كێشەیەك نەماوە و توانیومانە هەموو ئەو كێشانەی لە ڕابردوو هەبوون چارە بكەین.
بەیان قادر، بەڕێوەبەری كارەبای قەزای مێرگەسۆر، بۆ زاری كرمانجی گوتی: لە ماوەیەكی كەمدا سێ شەپۆلی بەفر بارین قەزای مێرگەسۆری گرتەوە، لە شەپۆلی یەكەم زیانێكی زۆر بەر تۆڕەكانی كارەبا كەوت لە چەند گوندێك تۆڕی كارەبا بە تەواوەتی پچڕا بوو، لەگەڵ شكان و بەربوونەوەی چەند ستوونێكی كارەبا، بەوەش بۆ ماوەی 9 ڕۆژ چەند گوند و ئاواییەك بێ كارەبا بوون، سەرەڕای ئەوەی تیمەكانی ئێمە بەردەوام كاریان دەكرد بۆ ئەوەی كارەبای ئەو گوندانە بگەڕێتەوە، بەڵام لەبەر سەختی شوێنەكە و زۆری بەفر بارین نەمان دەتوانی بە ئاسانی بگەینە شوێنەكە و كێشەی كارەبا چارە بكەین.
بەڕێوەبەری كارەبای قەزای مێرگەسۆر، دەشڵێ: دواتر شەپۆلێكی دیكە سنووری مێرگەسۆری گرتەوە، لە سەنتەری قەزا و چەند ناوچەیەكی دیكە دووبارە چەند ستوونێكی كارەبا كەوتنە خوارەوە، بەڵام بەردەوام لەسەر خەت بووین بۆ ئەوەی بتوانین هەموو ئەو كێشانەی بەهۆی بەفر بارینەوە بۆ كارەباكەمان دروست بوونە چارە بكەین، سوپاسی قایمقامی مێرگەسۆر و تیمەكانی خۆمان لەگەڵ تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتی كارەبای گشتی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و هەولێر دەكەین كە شەو و ڕۆژیان كردبووە یەك، هەروەها سوپاسی نووسینگەی مەلامستەفا بارزانی دەكەین كە لەگەڵ ئێمە زۆر هاوكار بوو بۆ ئەوەی لە ماوەیەكی كەمدا كارەبا بە هاووڵاتییان بدەینەوە.

































































