ئەمڕۆ ئەنجامی كۆبوونەوەكان بە راپۆرتێك دەدرێت بە سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدراڵ، ئەویش بڕیار لە ناردنی مووچە دەدات و نایەوێت كێشەكان ئاڵۆزتر بكرێن، بەپێی زانیارییەكان سوودانی بە لێكتێگەیشتنەكەی هەردوولا رازی بووە و بڕیاری لەسەر دەدات.
بەپێی لێكتێگەیشتنەكەی هەولێر و بەغدا كە ناوەڕۆكەكەی لە ماڵپەری (وشە) بڵاو كراوەتەوە، هەردوولا لەسەر ئەوە رێككەوتوون تەنیا 50%ی ئەو باجانە بدرێتە بەغدا كە لە شارەكانی تری عێراقیش وەك باج حكوومەت وەریان دەگرێت، ئەو باجەی لە هەرێم هەیە و لە بەغدا نییە، بۆ حكوومەتی هەرێم دەبێت و هیچ بڕێكی نادرێتە بەغدا”.
پێشتر بەغدا داوای هەموو داهاتە نانەوتییەكانی دەكرد، بەڵام هەرێم رەتی كردەوە هەموو داهاتەكانی بداتە بەغدا، چونكە هەندێك باج و رسوومات لە كوردستان وەردەگیرێن، لە شارەكانی تری عێراق وەرناگیرێن، بۆیە لیژنەكەی بەغدا گەیشتنە لێكتێگەیشتن كە ئەو داهاتەی لە هەرێم هەیە و لە شارەكانی تری عێراق نییە، مافی هەرێمە بۆ خۆی بەكاری بێنێت، ئەمە خاڵی ناكۆكی پێشتر بوو، ئێستە چارەسەر كراوە.
بەپێی زانیارییە بڵاو بووەكان سوودانی نایەوێت كێشەی هەرێم و بەغدا بباتە ناو ئەنجوومەنی دەوڵەت یان دادگای فیدراڵی، دەیەوێـت لیژنەكانی هەردوولا كۆتایی بە كێشەكان بێنن و چیتر پێوەندیی هەرێم و بەغدا ئاڵۆز نەكرێت.

































































