عهلى ئیحسانزاده/ ڕاهێنەری ئۆتیزم
بەشێک لەخێزانی منداڵانی هەڵگری ئۆتیزم کێشەیان ئەوەیە نازانن چۆن بەشێوەیەکی ئاسایی سەری منداڵەکەیان بشۆن و منداڵەکەیان هاوار و گریانی زۆرە لەکاتی شوشتندا، بە چەند ڕێنماییەک شوشتنی منداڵی هەڵگری ئۆتیزم ئاسان دەکرێتەوە:
- حەمامەکە بەجۆرێک ئامادە بکە دژی هەستیاریەکانی نەبێت، نە ڕووناکی زۆر بێت نە ڕەنگەکان زەق بن نە بۆنێکی توند هەبێ، با دەنگی بەرزیش نەیەت ئەگەر دوش بەکاردێنن با دوشێک بێت نەرم تر ئاو بڕێژێ تا ژاوەژاو دروست نەکات.
- هەر هەنگاوێکی شوشتنەکە بە زمان پێی بڵێ، بۆ نمونە ئاوەها: “ئەوە دەڕۆینە حەمامەوە، ئەوە جلەکانت دادەنێین، ئەوە دوشەکە پێ دەکەین، ئەوە سابونەکە دێنین” تا دوایی ئاوا هەموو هەنگاوێک بە دەنگەوە بڵێ.
- ڕێگایەکی دوبارەی گونجاو دیاری بکە، بۆ نمونە لەو چهند جارهى بردوتە بۆ حەمام کردن، لە چ کاتێکا زیاتر ئاسودە بووە بۆ ئەو کارە؟ چەند کاتی پێچووبێ ئاسایی تر بووە بۆی؟ ئایا بە کەفی زۆر دڵخۆش دەبێ؟ ئەو شتانەی هەست دەکەی ئاوا کارەکە ئاسانتر دەکا بیکە بەیەک ڕۆتین و ڕێگای دوبارە، هەموو جار بەو ڕێگایە بیبە بۆ حەمام کردن.
- هەڵگرانی ئۆتیزم لە مرۆڤی تر هەستەوەریان توندترە، بۆیە دڵنیابەرەوە لە جۆری سابونەکان، جۆری لفکەکان، شێوازی پیا خشاندنی، لە هەموو شتەکانی تریش، لەوانەیە بە هەندێک شت ئاسودە نەبێ یان هەستیار بێ، بۆیە کاتێک بە یەکێک لەو شتانە زۆر دەگری هەوڵدە جۆرێکی تر تاقی بکەیتەوە تا دەبینی لە كاميان ئاسودەترە.
- هەتا دەتوانی سابون و شامپۆی تەواو سروشتی بەکاربێنە، هەندێکیان کاردانەوەی جەستەییان خراپە بۆ هەموو ماددەیەکی کیمیایی یان کیمیایی تێکراو.

































































