بە گوێرەی هەمواری یاسای زیندانیانی سیاسی عێراق، ماف و ئیمتیازاتی زیندانیانی سیاسی هەرێمی کوردستان، هاوشێوەی بەغدای لێدێت.
ئەحمەد مام رەسول، بەرێوەبەری زیندانیانی سیاسی و کەسوکاری شەهیدان لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، دوای هەوڵێکی زۆری وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان لەگەڵ لیژنەی شەهیدان و زیندانییە سیاسییەکانی پەرلەمانی عێراق، دواجار ئەو بڕیارە درا.
باسی لەوەش کرد، بەو پێیەی کە ماددەی 15ـی یاسا هەموارکراوەکە هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە، سەرجەم زیندانییە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان ماف و ئیمتیازاتەکانی بەغدایان دەبێت، کە ئەمەش بە هەنگاوێکی ئەرێنی دادەندرێت.
شایەنی باسە یاسای عێراقی لە ڕووی دەرماڵەی مانگانەوە جیاوازییەکی زۆری هەیە لە گەڵ هەرێمی کوردستان ، چونکە زیندانیانی سیاسی لە کوردستان زۆرترین بڕی 500 هەزار دینارە، بەڵام لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق یەک ملیۆن و 200 هەزار دینارە.

































































