كۆشكی سپی تاوتوێی پێشنیاری 5 هەزار دۆلار، 4 ساڵ كرێی خانوو، ساڵێك سەبەتەی خۆراك بۆ ئەو كەسانەی غەززە بە جێ دێڵن

بەگوێرەی ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست، کۆشکی سپی بیر لە پلانی “گەورە” (ئاوەدانکردنەوەی غەززە، خێراترکردنی ئابووری و گۆڕانکاری) دەکاتەوە، کە بەپێی ئەو پلانە دانیشتووانی غەززە کە بەشێوەیەکی کاتی ڕوو لە وڵاتێکی دیکە دەکەن یان لە ناوچەیەكی سەلامەتی پلان بۆ داڕێژراو لە کەرتی غەززە نیشتەجێ دەبن، بڕی 5 هەزار دۆلاری کاشیان پێدەدرێت، هەروەها چوار ساڵ کرێی بێبەرامبەر لە هەر شوێنێک نیشتەجێ بن، و ساڵێک سەبەتەی خۆراک وەردەگرن.
پلانی گۆڕینی غەززە بۆ ڕیڤێرایەکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە ترەمپ خستوویەتییە ڕوو و کە تۆنی بلێر سەرۆک وەزیرانی پێشووی بەریتانیا و جارێد کوشنەر، زاوای ترەمپ و یەکێک لە تەلارسازەکانی ڕێککەوتنەکانی ئەبراهام، لەم دواییانەدا لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا لەسەر هەمان بابەت کۆبوونەتەوە، دەبێتە هۆی ئەوەی کە کەرتی غەززە لانیکەم بۆ ماوەی ١٠ ساڵ لە ژێر بەڕێوەبەرایەتی ئەمریکادا بێت. ئەمە پرسێکە کە لەلایەن وڵاتانی ناوچەکەوە دژایەتی کراوە بەڵام لەلایەن ئیسرائیلەوە دژایەتی نەکراوە.
بەپێی ئەو پلانە، بە ملیارەها دۆلار وەبەرهێنانی تایبەت و گشتی لە غەززە دەکرێت، خاوەن زەویەکان لە بەرامبەر گواستنەوەی زەوییەکانیاندا بەڵگەنامەی دیجیتاڵی وەردەگرن، کە دەتوانرێت بگۆڕدرێت بۆ شوقە لە شارە نوێكەدا. لە بەرامبەر گواستنەوەی مافی خاوەندارێتی خۆیان، ئەمیندارییەکە بەڵگەنامەكە دەداتە خاوەن زەویەکان لە غەززە کە هاوتایە لەگەڵ شوقەیەکی ١٨٠٠ پێی چوارگۆشە (نزیکەی ١٦٧ مەتر چوارگۆشە) لە یەکێک لە شەش بۆ هەشت شارە نوێیە “شارە زیرەکەکانی AI” کە ئەمیندارییەکە پلانی هەیە لە بنەڕەتەوە دروستی بکات.
بەڵگەنامەی پلانەکە پێشبینی کۆمەڵێک پڕۆژە دەکات، لە ڕێگا سەرەکییەکان، فڕۆکەخانەکان، بەندەرەکان و وێستگەکانی وزەی خۆرەوە تا کارگەکانی ئۆتۆمبێلی کارەبایی و ناوەندەکانی داتا لە ڕۆژهەڵاتی غەززە. هەروەها کەناراوێکی دەریای ناوەڕاست دەناسێنێت کە ناوی لێنراوە “ترامپ ڕیڤێرا” کە هاوینەهەواری گەشتیاری ئاست بەرزی جیهانی و تەنانەت دوورگە دەستکردەکانی هاوشێوەی دوبەی لەخۆدەگرێت.
ڕیڤێرا ئاماژەیە بۆ ناوچەیەکی کەناراوی جوان و لوکس لە ئەوروپا بەتایبەت کەناراوەکانی دەریای ناوەڕاستی باشووری فەرەنسا و باکووری ئیتاڵیا (ڕیڤێرا فەرەنسی و ڕیڤێرا ئیتاڵی) کە بە کەشوهەوای نەرم و هۆتێلە لوکس و هاوینەهەواری سەیرانگا و بوونی دەوڵەمەند و گەشتیاران بەناوبانگە.

































































