
لەسەر فەرمان و ڕاسپاردەی سەرۆک مەسعوود بارزانی، كارەبای نیشتمانی 24 كاتژمێری گەیشتە پارێزگای هەڵەبجە.
مەسروور بارزانی، سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەو بەڵێنەی جێبەجێ کرد و هەڵەبجەی کردە یەکەمین پارێزگا لەسەر ئاستی تەواوی عێراق و هەرێمی کوردستان کە ببێتە خاوەنی کارەبای بێ پچڕانی 24 سەعاتی.
ئەم هەنگاوە مێژووییە لە چوارچێوەی پڕۆژەی ڕووناکیدا جێبەجێ كرا، وەک یەکێک لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی کابینەی نۆیەم، کارەبای 24 سەعاتی بۆ نزیکەی چوار ملیۆن هاوڵاتی و زیاتر لە 115 هەزار شوێنی بازرگانی لە سەرانسەری هەرێم دابین کردووە، کە دەکاتە زیاتر لە نیوەی دانیشتووان.
مەسروور بارزانی، سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: بەخۆشحاڵییەوە ڕای دەگەیەنم کە هەڵەبجەی خۆشەویست، یەکەم پارێزگایە بەتەواوی کارەباەکەی بووەتە 24 سەعاتی و پیرۆزە لە کوردستان.
سەرۆکی حكوومەت دووپاتی کردەوە” پڕۆژەکە تەنیا گەیاندنی کارەبا نییە، بەڵکو گۆڕانکارییەکی گەورەیە لە ژیانی خەڵکدا. گوتیشی: تا ئێستە، زیاتر لە 3,200 مۆلیدەی گازوایلی گەڕەکەکان کوژێنراونەتەوە، ئەمەش وایکردووە گەڕەکەکانیان پاكتر و تەندروستتر و سەلامەتتر بن.
پڕۆژەی ڕووناکی بارگرانیی لەسەر شانی هاوڵاتییانیش کەم کردووەتەوە، بەجۆرێک کە “نزیكەی 80%ی خەڵک پارەی کەمتر دەدەن بە بەراورد بەو بڕەی کە پێشتر بە مۆلیدەکانیان داوە، ئەمە جگە لە سوودە ژینگەیی و تەندروستییەكانی.
مەسروور بارزانی دووپاتی لەسەر بەردەوامیی کارەکان کردەوە و گوتی: “بەڵێنەکەمان لەجێی خۆیەتی، هەموو ماڵ و بزنسێک تا کۆتایی ساڵی 2026، کارەبای 24 سەعاتیی دەبێت، ئامادەین بۆ هاوکاریی بەشەکانی تری عێراق بۆ بەدەستهێنانی هەمان ئەم دەستکەوتانە.”

































































