بۆ ئەمساڵ لە پلانماندایە 1240 قوتابی لەسەرجەم بەشە زانستییەكان وەربگرین
مستەفا دۆڵەمەری- سۆران:
لە دیدارێكی تایبەتی هەفتەنامەی زاری كرمانجی پ. ی.د.ڕزگار سەعید حوسێن، یاریدەدەری سەرۆكی سۆران بۆ كاروباری قوتابییان، باس لە دەستپێكردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن و بەرنامە و كار و پلانەكانیان دەكات، دەشڵێ: بەپێی بڕیارێكی ئەنجوومەنی زانكۆ 6ی مانگی نۆ وەرزی نوێی خوێندنی زانكۆی سۆران دەستپێدەكات. سەبارەت بە وەرگرتنی قوتابییان بۆ ساڵی نوێی خوێندن، دەڵێ، ئامادەكاری و پلانێكی توكمە دانراوە.
لە دەستپێكی قسەكانیدا، پ.ی.د. ڕزگار سەعید حەسەن، گوتی: بۆ ساڵی نوێی خوێندن تەواوی ئامادەكارییەكان لەسەرجەم فاكەڵتی و بەشە زانستییەكان كراون، تەوای بابەتەكان دابەشكراون لە لایەن بەشە زانستییەكانەوە و مامۆستای پێویستی بۆ ئامادەكراوە، ئامادەكاری لە هۆڵەكان و خشتەی كاتژمێرەكان كراوە، واتە بەشێوەیەكی گشتی هەرچی پێویست بێت بكرێت پێش دەستپێكردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن كراوە و بڕیار وایە لە ٦-٩-٢٠٢٥ یەكەم ڕۆژی دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندنی زانكۆی سۆران بێت.
یاریدەدەری سەرۆكی سۆران بۆ كاروباری قوتابییان، گوتیشی: سەبارەت بە وەرگرتنی قوتابییان بۆ ساڵی نوێی خوێندن پلانمان داناوە و بۆ ئەمساڵ پلانمان وایە 1240 قوتابی لە سەرجەم بەشە زانستییەكان و پڕۆگرامە جیاوازەكان لەناو بەشە زانستییەكان قوتابییان وەربگرین، بۆ ئەو مەبەستە سیستەمی زانیاری قوتابییان كەوتۆتە كار و قوتابییان لەڕێگەی ئەو سیستەمەوە دەتوانن تەواوی زانیاریەكان بەدەستبخەن و خشتەی ڕۆژانەی وانەكانیش لەناو ئەو سیستەمە دانراوە و قوتابییان دەتوانن ببینن و خۆ تۆماركردن لە سیستەمی زانیاری قوتابی بەردەست كراوە، بۆ ئەو مەبەستە لە ٢٠ -٨- ٢٠٢٥ـ قوتابییان خۆیان تۆمار دەكەن، بۆیە ئامادەكاری لەڕووی سیستەم، تۆمار، بەشەناوخۆیەكان و هۆڵەكانی خوێندن كراوە.
ڕوونیشی دەكاتەوە: قوتابییان زیاتر خواستیان لەسەر بەشێكە كە بازاڕی كاری هەیە، واتە دوای تەواوبوونی زانكۆ هەوڵ دەدەن كار بدۆزنەوە بەپێی پسپۆری خۆیان، زانكۆی سۆران لە پێنج فاكەڵتی پێكدێت و ئەوەی كە پێویست بێت بەپێی پێداویستی لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران هەوڵمان بۆ داوە، ئەو بەشانەی كە پێویستن لەو دەڤەرە بەپێی ئیمكانیەت و ئەو توانایەی زانكۆ كە لە بەردەستیدایە ئەو بەشانە دەخەینە خزمەتی قوتابییان و كۆمەڵگەی سۆران و كوردستان، هەندێك بەشی دیكەش هەن كە پێویستن، بەڵام تاوەكو ئێستا نینە و كردنەوەی ئەو بەشانە لە زانكۆ دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ئیمكانیەتەی كە زانكۆ هەیە و لە پلانی زانكۆ دایە كە هەر بەشێك پێویست بێت بۆ خزمەتكردنی ئەو دەڤەرە زیاد بكرێت و بخرێتە خزمەت قوتابییان و خەڵكی ئیدارەی سۆران.
لە كۆتای قسەكانیدا، پ.ی.د. ڕزگار سەعید حەسەن، یاریدەدەری سەرۆكی سۆران بۆ كاروباری قوتابییان، ئاشكرای كرد: تەواوی بەشەناوخۆیەكان نۆژەنكراونەتەوە و لە لایەن تیمەكانی ئێمەوە ئامادەكراون بۆ ئەوەی بخرێنە خزمەت قوتابییان، ئەوەی جێگەی داخە تاوەكو ئێستا زانكۆی سۆران خاوەنی بەشەناوخۆی تایبەت بەخۆی نییە، هەموویان بە كرێن و و ئومێد دەكەین بەپێی بارودۆخی دارایی هەرێمی كوردستان بتوانین هەندێك بەشەناوخۆی بۆ قوتابییانی زانكۆی سۆران دروست بكرێن و بخرێنە خزمەتی قوتابییەكانما

































































