مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :

تاوانكاری ژنێك، تەواوی ئێران دەهەژێنێت .
كەلسوم ئەكبەری كە بە (بێوەژنی مەرگ) ناسراوە، دانی بەوەدا ناوە 11 هاوسەری خۆی لە ڕێگەی پێدانی دەرمانی جۆراوجۆرەوە كوشتووە .
میدیاكانی ئێران بڵاویان كردەوە “كەلسووم ئەكبەری لە تەمەنی 18 ساڵی هاوسەرگیری كردووە و تاوانكارەكانیشی لەو كاتەوە دەستپێدەكات كە لە هاوسەری یەكەم جیا دەبێتەوە،”
بە پێی ڕاپۆرتی میدیاكان، ئەكبەری لە ماوەی بیست ساڵدا، هاوسەرگیری لەگەڵ زیاتر لە بیست پیاودا كردووە و لە پێناو دەستكەوتنی موڵك و ماڵی ئەواندا، 11 لەو پیاوانەی بە پێدانی ماددەی هۆشبەر و دەرمانی وزەبەخشی جنسی كوشتووە و دواتریش موڵكەكانی كردووە بە ناوی كچەكەی .
بێوەژنی مەرگ، لە نێو كۆڕ و كۆبوونەوەی ئافرەتان و پرسەكاندا، حەز و ئارەزووی خۆی بۆ هاوسەرگیری كردن لەگەڵ كەسانی بە تەمەن نیشان داوە و ئەوانیش هەر یەكە و لای خۆیانەوە خزمێكی بەساڵاچوویان بۆ دەستنیشان كردووە تا هاوسەرگیریی لەگەڵ بكات .
ئەكبەری بۆ ئەوەی پیلانەكانی ئاشكرا نەبێت، هاوسەرگیرییەكانی لە ناوچە جیاوازەكانی ئێران ئەنجام داوە و لە قۆناغی سەرەتای پێدانی دەرمانەكان بە هاوسەرەكەی و نەخۆشكەوتنی، بردوویەتی بۆ نەخۆشخانە و لەبەردەم پزیشك و پەرستارەكاندا بۆی گریاوە و گلەیی لە بێ چانسی خۆی كردووە .
كەلسوم ئەكبەری لە كاتی لێكۆڵینەوە و لەبەردەم كامێرای دەزگاكانی ڕاگەیاندن گوتی “بە تەواوی لە یادم نییە و نازانم چەند كەسم كوشتووە، بەڵام لە یازدە كەس زیاتر بوون.”
بێوەژنی مەرگ، دانیشتووی گوندی ‘مەلەك ئاباد‘ی شاری مازندەرانی ئێرانە و یەكەم تاوانی كوشتنی لە ساڵی 2001 دا ئەنجام داوە .

































































