كرمانج عزەت دەرگەڵەیی
بە سیمای ئەو پێشمەرگانەی
دەستی داعش
کە جلێکی پرتەقالیان
بۆ کردن بە کفنێکی خام
خەفەتبار بووم
بە دیلی کچێکی شەڕڤان
لە ناو دەستی کۆماندۆی تورک
ڕۆژێک غیرەت
سەراپای جەستەمی تەزان
خەفەتبار بووم..
بە ملی ناسکی لاوێک لە ڕۆژهەڵاتەوە،
لە بن پەتی جەلادەکانی سێدارە
بیرم ناچێ
چ ژانێکی پڕ ئازارە
دیسان زۆریش خەفەتبار بووم..
بەڵام
کاتێ بینیم
بۆپاروێ نان
کوڕە کوردێکی تفەنگ لە شان
بە دەست کوردێ دیل دەکەوێ
هاونەتەوەو،
هاو دڵ و زمان
وەک بەستەزمان
نەک هەر کەوتمە
دەریای خەفەت
ئاسۆی ڕونم
لە گزەنگی چاوا چەمان
دید و شانازی و ئومێدم
لە لۆمەی کاری دوژمنان
وازیان هێنا و
لێیان گەڕان
خەونەکانی کوردبونیشم
وەک دیلەکە، کەوتنە دیلی و
بە دوکەڵی تفەنگی خۆمان
بە دەستی بەستراوەوە
لە پێش چاوی کورددا
خنکان


































































